سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی ٢ی سنەوە سزای ساڵێک بەندکران، دوورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ (٨ی ئاگۆست) لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی ٢ی سنە بەڕێوە چووە و ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) حوکمەکەی بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە.

هەروەها دۆسیەیەکی تریش بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بۆ ئەم ئەندامەی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا کراوەتەوە کە وا بڕیارە ڕۆژی ٦ی خەرمانان (٢٨ی ئاگۆست) دادگایی بکرێت.

سەیوان ئیبراهیمی لە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە حاڵێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، دەستبەسەر کرا و دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادیان کرد. هەروەها جارێکی تریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباردا (١٨ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.