تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٠ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدانی چوار زیندانی بە ناوەکانی حەمدوڵڵا عالەمی، حسەین عەباسزادە، موقەدەم عەلیزادە و فەیزوڵڵا قوربانی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی ئێعدام (قەساسی نەفس)یان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

ئەم ٤ زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانبار لەگەڵ زیندانییەکی تردا بە ناوی ڕەشید وەتەندووست بۆ جێبەجێکردنی حوکم ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. ڕۆژی ڕابردوو ڕەشید وەتەندووست دوای ئەوەی مۆڵەتێکی چەندمانگەی بۆ پێدانی دیە لە خاوەن خوێنەکان وەرگرت، گەڕێنرایەوە بۆ ناو بەند.