بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان (٣١ی ئاگۆست) سزای لەسێدارەدانی سابیر جەمالی، بەندکراوی خەڵکی کەنگاوەری کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ٢٩ ساڵەیە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (گەلاوێژی ١٤٠٣) لانیکەم ١٢ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان، قزلحەساری کەرەج، خوڕەمئاوا، سنە، سەبزەوار و میاندواو لە سێدارە دران.