سزای لەسێدارەدانی فەیزوڵڵا حسەینپوور، زیندانیی خەڵکی سایین قەڵا کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی خەرمانان (٨ی سێپتامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە سێدارە دراوە.

ئەم بەندکراوە چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

فەیزوڵڵا حسەینپوور باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «چرائەبداڵ»ی شاری سایین قەڵا بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (گەلاوێژی ١٤٠٣) لانیکەم ١٢ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان، قزلحەساری کەرەج، خوڕەمئاوا، سنە، سەبزەوار و میاندواو لە سێدارە دران.