سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مەیسەم حسەینخانی و سیروان ئەبووبەکری کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا و مەهاباد جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانان (٢٨ی ئاگۆست) مەیسەم حسەینخانی، بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا لە سێدارە دراوە. ئەم زیندانییە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) سیروان ئەبووبەکری، بەندکراوی خەڵکی سەردەشت، لە زیندانی مەهاباد لە سێدارە دراوە. ئەم زیندانییە چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (گەلاوێژی ١٤٠٣) لانیکەم ١٢ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان، قزلحەساری کەرەج، خوڕەمئاوا، سنە، سەبزەوار و میاندواو لە سێدارە دراون.