بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە ٧ مانگ پێشەوە و بە برینداری لە گوندێکی بۆکان کەتوبووە دەست هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە مەبەستی وەرگرتنی هەواڵێک لەسەر منداڵەکەیان لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ کۆ بوونەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وتی: «ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ کۆ بوونەوە و داوای ئاگاداربوون لە دۆخی ئیدریسیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی داواکاریی ئەم بنەماڵەیە فاتمە مەقسوودیی دایکی ئیدریسیان کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەو دۆخە بە تەما بوو خۆی بسووتێنێت، لەگەڵ چەند ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کرد».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە دایکی و چەند ئەندامی دیکەی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی دوای دەستبەسەربوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ بنکەیەکی نزیکی پۆلیس لە نزیکی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. دواجار ئەم کەسانە دوای ئەوەی به‌ زۆر بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە جارێکی تر لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا کۆ نەبنەوە، ئازاد کراون.


بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی سێ ڕۆژ لەمەوپێش لە سنەوە چووبوون بۆ ورمێ و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی منداڵەکەیان کە حەوت مانگە دەستبەسەرە، کۆبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد. ئەوان دەڵێن لەم ٧ مانگەدا هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ ئیدریسدا نەبووە و هێزە ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەویان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران جارێک بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئیدریس بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڵگەنامەی مردنی دەدرێ بە بنەماڵەکەی، بەڵام جارێکی تر لێپرسەوەیەکی ئەمنیی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بنکەی پۆلیسدا بە دایک و بنەماڵەی ناوبراوی وتووە کە ئیدریس زیندووە و لە دەستبەسەرگەی سپادایە.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: «پێشتر و لە سەرەتای سەرماوەزی ئەمساڵیشدا دوای ئەوەی بنەماڵەی ئیدریس سەردانی دادگای ورمێیان کردووە، دایکی ڕای گەیاندبوو کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر وەڵامنەدانەوەی بەرپرساندا و بێ ئاگابوون لە چارەنووسی منداڵەکەی لە بەردەم دادگادا خۆی دەسووتێنێت، بەڵام لێپرسەوەی لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ گوێی بەم شتە نەدابوو و وتبووی هیچ کێشەیەک نییە و دوای خۆسووتاندنەکە ئاگرکوژێنەوە و ئامبوڵانس لەوێ ئامادە دەبن».

پشتڕاستکردنەوە و بەدرۆخستنەوەی دەستبەسەرکردنی ئیدریس فەقیهی لە لایەن هێزەکانی دەزەگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە حاڵێکدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕای گەیاند کە هەندێ بەڵگەی بە دەست هێناوە کە دەیسەلمێنن ئەم ئەندامەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو کە لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سپادا لە دەوروبەری شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێدایە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیدریس فەقیهی دوای تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسداران دەتوانێ خۆی ڕزگار بکات و بشارێتەوە، بەڵام ڕۆژی دواتر و لە حاڵێکدا کە بریندار بووە، بە دەستی هێزەکانی سپای پاسدارانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا دەستبەسەر دەکرێت و سەرەتا دەبرێتە نەخۆشخانەی عارفیانی سپا لە ورمێ و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە دەستی هێناوە، ئیدریس فەقیهی ئێستا کە سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەیی کە بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دەرماننەکردنی برینەکانی بەرکەوتنی گوللەوە ڕووی داوە، لە دەستبەسەرگەی ٧ی تیری دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێدایە. لانیکەم دوو هاووڵاتی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا ماوەیەک لەم دەستبەسەرگەیەدا بوون، ئەویان لە ژووری نەخۆشەکانی ئەم دەستبەسەرگەیەدا دیوە.

لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسدارانەوە.

لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا هەواڵنێریی تەسنیم لە زمانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژدا کوژرانی دوو ئەندامی خۆی بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی خەڵکی سنە و موحسێن قادری خەڵکی بۆکانی لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک بۆکان پشتڕاست کردبۆوە. بەڵام دوای ماوەیەک پژاک لە دووتوێی بەیاننامەیەکی تردا ڕای گەیاندبوو کە موحسین قادری زیندووە و ئیدری فەقیهییش بە برینداری لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.