بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) سنوور تامارا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، پاش تێپەڕاندنی نزیکەی ٢ ساڵ زیندانیبوون لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا. ئەم زیندانییە کە پێشتر حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ دەرچووبوو، دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی ئازاد کراوە.

سنوور تامارا پاییزی ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠) لە گوندێکی سەرسنووری ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای پاسدارانی ورمێ خرایە ژێر لێپرسینەوە و لە کۆتایی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا (مارسی ٢٠٢١) گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا (٢٣ی ژوەنی ٢٠٢١) بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا» بە شێوەی ئانلاین و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی دواتر دەرچوونی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیەنرا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا پزیشکیی دادی شاری ورمێ بە هۆی نەخۆشیی ئەم زیندانییە سیاسییەوە ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو توانای مانەوە لە زیندانی نییە.