بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی خەرمانان (١٨ی سێپتامبر) زیندانیی سیاسیی کورد سەکینە پەروانە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر کوشتنی ژینا ئەمینیدا و هەروەها هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاندووە کە لەمڕۆوە و هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکەیدا ڕێوڕەسمێکیش بۆ یادکردنەوەی ژینا ئەمینی لە زیندانی ژنانی مەشهەد بەڕێوە دەبات.
سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. بهپێی قسهكانی خانمی سهكینه، بەرپرسە ئهمنییەکانی كۆماری ئیسلامی له ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (٦ی نۆڤامبری ٢٠١٩) به بیانووی چاوپێكهوتن لهگهڵ بنهماڵهکەیدا له شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوهی ١٠ ڕۆژ له دهستبهسهرگهكانی مهریوان و سنهدا گێڕاویانە و دواجار گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی نهێنیی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە ڕۆژهەڵاتی شاری تاران.
قۆناغی دهستبهربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سهختترین ئهشكهنجهی جهستهییدا، لەو دەستبەسەرگە نهێنییەی دەزگای ئیتلاعاتی سپادا لە تاران تێپەڕیوە.
پەیام دوڕئەفشان، پارێزهری ئهم بهندكراوه سیاسییه، رۆژی ٥ی جۆزهردانی ساڵی ١٣٩٩ (٢٥ی مەی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند که سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی ئهندامێتی له دهسته و لایهنه سیاسییهكاندا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ و تاقمی دژبەری حکوومەتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە سەر سەکینە پەروانەدا سەپاوە. سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمینئاوای شاریڕەی کرا.
ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٤ی ژولای ٢٠٢٠) و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ساتی دەستبەسەربوونەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی ئێڤینی تاران، قەرچەکی وەرامین، قووچان و مەشهەددا بووە.