بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوای سەرکوتکردنی قورسی بەندکراوانی ناڕازیی زیندانی ناوەندیی سنە لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبر) بارودۆخی ئەم زیندانە تا ئێستایش هەر لە قەیراندایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبر) دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی زیندانییان دەرگای هەندێ لە بەندەکان کرایەوە و زیندانییەکان هەوڵی هەڵاتن لە زیندانیان دا کە ئەم ناڕەزایەتییە لە لایەن گاردی پارێزگاریکردن لە زیندان و گاردی تایبەتی هێزی ئینتیزامیی سنەوە بە قورسی سەرکوت کرا».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «لە کاتژمێرەکانی شەودا هێزەکانی گاردی تایبەت لەگەڵ هێزەکانی گاردی زینداندا هێرشیان کردە ناو بەندەکان و بە قورسی لە زیندانییەکانیان دا کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان. ئەو هێزانە سەرەتا ژمارەیەکی زۆر گازی فرمێسکڕێژیان خستۆتە ناو بەندەکان و ئەمەیش وای کردووە هەموو زیندانییانی ناو ئەو بەندانە تووشی کێشەی قورسی هەناسە بن، پاشان دەستیان داوەتە لێدانی بەکۆمەڵی زیندانییەکان».

دەوترێت لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا چوار بەندکراو کە هێشتا ناسنامەیان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاشکرا نەبووە، لەبەر ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییان ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کراون و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم بەندکراوانە بەردەست نەکەوتووە.

ئێستە جیا لە ناو بەندە جیاوازەکان، فەزاکانی تری زیندانیش، لەوانە هۆڵی وەرزش، هەماری پێشووی جلوبەرگ، ژوورە تاکەکەسییەکان و تەنانەت ژووری دیداری شەرعی، کراونەتە شوێنی ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادری تر لە سنە وێڕای ڕاگەیاندنی هۆشداریی جیدی لەمەڕ بەردەوامبوونی دۆخی قەیراناویی زیندانی ناوەندیی سنە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت کە دەستبەسەرکراوان بە شێوەی بەکۆمەڵ و هەموو ڕۆژ ئەشکەنجەی جەستەیی دەدرێن. جیا لەوان، ئەو زیندانییانەی تۆمەتبارن بەوەی پاڵیان بە زیندانییانی ترەوە بۆ ناڕەزایەتییەکە ناوە، براونەتە ژووری بەکۆمەڵ و جیا لە ئەشکەنجە و لێدانی ڕۆژانە دۆسیەی یاساییشیان بۆ کراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دۆخی زیندانی ناوەندیی سنە تا ئێستەیش زۆر ئەمنییە و بەرپرسانی زیندان هەموو هەوڵیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بەر بە دزەکردنی هەواڵی سەرکوتکردنەکانی ناو زیندان بگرن، ئەوان لەوە دەترسن هەواڵەکانی ناو زیندان بە گوێی بنەماڵەی بەندکراوان بگات و لە بەردەم زینداندا کۆ ببنەوە».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەردا (٣ی ئۆکتۆبر) ڕاپۆرتێکی چڕوپڕی لەسەر ناڕەزایەتییەکانی بەندکراوانی ئەم زیندانە لە ئاست دۆخی خراپی زیندانەکەدا دوای گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی، بڵاو کردبۆوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگای کوردستان بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکان کۆمیتەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆخە پێک هێناوە و مێهرداد عەباسی، بەرپرسی پاراستنی زانیارییەکانی ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگای کوردستان، کراوەتە سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە. ئەندامانی تری کۆمیتەکە بریتین لە کوولیوەند، بەرپرسی یەکەی پارێزگاری لە زیندان، ئەمینی، بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان، عەباس فێعلەگەری، سەرۆکی بەشی پشکنینی زیندان و مێهدی قەوامی کە لە فەرمانبەرانی زیندانە.

مێهرداد عەباسی کە پێشتر بەرپرسی پاراستنی زانیارییەکانی زیندان بووە، لە مەرگی گوماناویی دوو بەندکراوی تاوانە ئاساییەکاندا بە ناوەکانی خەسرەو جەمالیفەر و ئارام زەمانی لە چەند ساڵی ڕبردوودا دەوری هەبووە.

گواستنەوەی سەدان خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بەندکراوان و بەم پێیەش گرفتی وەک کەمبوونی بەرچاوی شوێن، کەمبوونەوەی بەرچاوی بەشەخواردن، نەبوونی پێداویستیی تەندروستی و تەنانەت کەمبوونی کەلوپەلی ناو فرۆشگەی زیندانی لێ کەوتۆتەوە. کۆی ئەمانە بوونە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبر). دوابەدوای گواستنەوەی دەستبەسەرکراوان بۆ بەندە گشتییەکان، هاتوچۆی ڕۆژانەی نێوان بەندەکان قەدەغە کراوە و شوێنی ڕاگرتن و ژیانی بەندکراوان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرکورت بووەتەوە.