شۆڕش ئیسلام سەکانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ کە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەردا (٢٦ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، بە هۆی ئەشکەنجەدانی قورسەوە لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیر و سەخت لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەند کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە گوندی بالۆی ورمێ کە کوژرانی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی دانش ڕەهنما و عەبدوڵڵا محەممەدپوور بە دەستی هێزەکانی بەسیجی لێ کەوتەوە، چەندین هاووڵاتیی تریش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

شۆڕش ئیسلام سەکانی یەک لەو هاووڵاتییانەیە کە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەریان کرد.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە و دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە، ناوبراویان لە حاڵێکدا دەستبەسەر کردووە کە تەنها جلی ژێرەوەی لەبەردا بووە.

ناوبراو دوای گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ بە قورسی ئەشکەنجە دراوە، بە جۆرێک کە تووشی خوێنلەبەرچوونی ناوەوە بووە. ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە حەفتەی ڕابردوو بە هۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستییەوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی ورمێ کرابوو، بەڵام بەبێ ئەوەی قۆناغەکانی دەرمانی بۆ تەواو بکرێت گەرێنرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکە.

شۆڕش ئیسلام سەکانی ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە دوای لێپرسینەوەی بەردەوام و ئەشکەنجەدانی قورس لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا لە ورمێ، ئێستە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.