ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) هاوکات لەگەڵ چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، دانیشتووانی زۆربەی شارەکانی کوردستان، لەوانە مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، بۆکان، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، دێولان، کامێران و جوانڕۆ مانگرتنێکی بەربڵاویان بەڕێوە برد و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

هەروەها سەرەڕای سەپاندنی کەشی زۆر قورسی ئەمنی و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا (مەهسا) ئەمینی، لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) دەیان هەزار کەس چوونە سەر مەزاری ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز. هێزەکانی پۆلیس و بەسیج کە بە هۆی ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵکەوە نەیانتوانیبوو ڕێگاکانی گۆڕستانەکە بەتەواوی دابخەن، لە کاتی گەڕانەوەی خەڵکدا لە دەروازەی شاری سەقز و لە نزیک بیناکانی سەر بە ئەرتەش، دەسڕێژیان لە خەڵکەکە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، بە دەیان کەس لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا بە چەکی ساچمەزەن لە سەقز بریندار بوون.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ و هاوکات لەگەڵ مانگرتنە گشتییەکەدا، لە شارەکانی ورمێ، بۆکان، مەهاباد، سەقز، سنە، مەریوان، کامێران، قەسری شیرین، کرماشان و ئیلام خەڵک چوونە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.

لەم خۆپیشاندانانەدا لانیکەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئیسماعیل مەولوودی ٣٥ ساڵان، محەممەد شەریعەتی و ئەفشین ئاشام ٢٨ ساڵان لە شارەکانی مەهاباد، سنە و قەسری شیرین بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست دا. هەروەها بە دەیان هاووڵاتیی تریش بە گوللەی ساچمە و چەکی شەڕی هێزەکانی پۆلیس و بەسیج بریندار بوون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٤٠ هاووڵاتیی کورد کە ٥ منداڵیشیان تێدایە، لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، سنە، مەریوان، کرماشان، شاباد، ئیلام، بۆکان، قەسری شیرین، مەهاباد، قەزوین، وەرامین و کەرەج بە هۆی دەسڕێژ یان ئەشکەنجەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە کوژراون.