بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی گەڵاڕێزان (٣ی نۆڤامبر) سەهەند ئاقاجانی، پارکۆرکار و کەیهان (ئاریا) کەبوودوەند، دەرهێنەر و گرافیست، لە مەیدانی ئازادی (ئێقباڵ)ی سنە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی شەهرامفەڕ.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانەوە تا ئێستە لانیکەم دووهەزار و پێنسەد هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و تاران دەستبەسەر کراون.