ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندان (١١ی فێبرییە) سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی قووچان، لە چوارەم ساڵی زیندانیبووندا لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد ئازاد کرا. ناوبراو پێشتر سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای دەرکردنی گەڵاڵەی «بەخشین و کەمکردنەوەی سزا گشتییەکان» ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە زیندان ئازاد کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شەوی شەممە ٢٢ی ڕێبەندان (١١ی فێبرییە) ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن بەرپرسانی زیندان و ئەندامانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردن (ئیجرا)ی ئەحکامی زیندان بانگهێشت کراوە و پێی ڕاگەیەنراوە کە ئازادە، بەڵام دوای ئازادبوون مافی هاتوچۆکردنی هیچکام لە شارە سنوورییەکانی ئێرانی نییە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەکینە پەروانە لە کاتی دەستبەسەربوونەوە تا ئێستە بە هۆی دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کرابوو.
سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. بهپێی قسهكانی خانمی سهكینه، بەرپرسە ئهمنییەکانی كۆماری ئیسلامی له ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (٦ی نۆڤامبری ٢٠١٩) به بیانووی چاوپێكهوتن لهگهڵ بنهماڵهکەیدا له شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوهی ١٠ ڕۆژ له دهستبهسهرگهكانی مهریوان و سنهدا گێڕاویانە و دواجار گواستوویانەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین. قۆناغی دهستبەسەربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سهختترین ئهشكهنجهی جهستهییدا، لە بەندی دووی ئەلف، ٢٠٩ و بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندا تێپەڕی.
پەیام دوڕئەفشان، پارێزهری ئهم بهندكراوه سیاسییه، رۆژی ٥ی جۆزهردانی ساڵی ١٣٩٩ (٢٥ی مەی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند که سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی ئهندامێتی له دهسته و لایهنه سیاسییهكاندا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ و تاقمی دژبەری حکوومەتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە سەر سەکینە پەروانەدا سەپاوە.
سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمینئاوای شاریڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٤ی ژولای ٢٠٢٠) و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە ڕەوانەی زیندانی قووچان و زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار براوەتە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەشهەد و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی تەلەڤیزیۆنی خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ماوەی زیندانیبووندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، چەندین جار مانی لە خواردن گرتبوو.