بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٤ی ڕەشەمە (٥ی مارس) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی کەیۆمەرس زەرغامی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی سەقز جێبەجێ کراوە.

لە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا (٨ی ژوەنی ٢٠٢١) تەرمی سووتاوی گوڵاڵە شێخی، هاوسەری ئەم هاووڵاتییە، لە نزیک گوندی «چاپانی خواروو»ی سەقز دۆزرایەوە. دوای ئەوەی بنەماڵەی گوڵاڵە شێخی داوای یاساییان تۆمار کرد، کەیۆمەرس زەرغامی لە شاری ئاستارای باکووری ئێران بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران «کێشەی خێزانی»ی وەک هۆکاری ئەو کوشتنە ڕاگەیاندبوو.

ئەم هاووڵاتییە سەقزییە لە بەفرانباری ١٤٠٠دا (دێسامبری ٢٠٢١) لە لایەن لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەستی ژنی موسڵمان» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.