بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٦ی ڕەشەمە (٧ی مارس) ٥ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

ناسنامەی یەکێک لەم زیندانییانە جەلال سەرداریفەر ڕاگەیەنراوە. لەسەر ناسنامەی ٤ بەندکراوەکەی تر کە لە بەندی چوارەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت دوابەدوای گواستنەوەی ئەم ٥ بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسی، دۆخێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر ئەم زیندانەدا کێشاوە.

لە سەرەتای ڕەشەمەوە (کۆتایی فێبرییە) تا ئێستا سزای لەسێدارەدانی ٤ بەندکراوی تۆمەتبار بە «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا جێبەجێ کراوە.