لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کورد، لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم لقی هاوتەریب لە دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ئێوارەی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دوای دەستبەسەربوون گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ و لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژدا (١٩ی ئاگۆست) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە حاڵێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا.

حاتەم ئوزدەمیر کە لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە، بەڵام سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.