له ڕۆژانی ڕابردوودا زیندانییه‌كی خه‌ڵكی ماكۆ به ناوی فه‌رزه‌نده شهمس له لایه‌ن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێوه به تۆمه‌تی موحاره‌به سزای له‌سێداره‌دان له پێش چاوی خه‌ڵكی به‌سه‌ردا سه‌پاوە. ئه‌م سزایه دوای شه‌ش ساڵ هێنان و بردنی دادوەری ڕووی داوه و پێشتر له كۆتاییه‌كانی مانگی سه‌رماوه‌زیشدا دوو هاودۆسیەی ئەم زیندانییە به ناوه‌كانی سدیق شهمس (برای فەرزهنده شهمس) و محه‌ممه‌د دره‌فشی به هه‌مان تۆمه‌ت سزای لەسێداره‌دان له پێش چاوی خه‌ڵکیان بەسەردا سەپاوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆسیه‌ی ئه‌م زیندانییه دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت كه دانیشتنی دادگاییكردنی ئه‌م زیندانییه له ڕێكه‌وتی ١٥ی به‌فرانباردا(04/01/2021) به ئاماده‌بوونی پارێزه‌ری دانراوی ناوبراو له لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ‌دا به‌ڕێوه چوو و حوكمی لەسێدارهدانەکەیش هه‌ر له هه‌مان ڕۆژدا پێیان ڕاگهیەندرابوو.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، دانیشتنی دادگاییكردنی دوو هاودۆسییهكهی دیكه‌ی ئه‌م زیندانییه له ڕێكه‌وتی ٢٩ی گه‌ڵاڕێزاندا(29/12/2020) له لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر عه‌لی شێخلۆ و به ئاماده‌بوونی پارێزه‌رە دانراوەکەیان به‌ڕێوه چووه. به‌ڵام دادگای یهكێکیتر له تۆمه‌تبارانی ئه‌م دۆسیه‌یە به ناوی فەرزەندە شهمس (برای سدیق شهمس) لەبەر تووشبوونی پارێزه‌ره دانراوه‌كه‌ی به ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوا خرابوو بۆ ١٥ی بەفرانبار.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، نووسینگه‌ی لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ ئیجازه‌ی به پارێزه‌ری داواکراوی ئه‌م زیندانییانه نەداوە له كۆبوونه‌وه‌کەی دادگادا ئامادە بێت و دادگاکە به ئاماده‌بوونی پارێزه‌ری دانراو یزن ته‌سخیری به‌ڕێوه چووه. له ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌دا ئه‌مه سێهه‌مین جاره كه سدیق شهمس و محه‌ممه‌د ده‌ره‌فشی به تۆمه‌تی «موحارەبه» له ڕێگه‌ی دزیكردنی چه‌كدارانه‌وە و به‌پێی ماده‌كانی ٢٧٩، ٢٨١، ٢٨٢، ٢٨٣، ٢٨٤و٢٨٥ به ئێعدام له به‌رچاوی خەڵک، به مەرجی ڕازیبوونی شۆرای دابینکردنی ئاسایش، مه‌حكووم دەكرێن.
سدیق شهمس، فه‌رزه‌نده شهمس و محه‌ممه‌د دره‌فشی له ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٣(03/2015) له لایه‌ن هێزه‌كانی پولیسی ئاگاهیی ماكۆوه ده‌ستبه‌سه‌ر کران و دوای مانگ و نیوێك لێپرسینه‌وه گواسترانه‌وه بۆ زیندانی ئه‌م شاره. ئه‌م سێ زیندانییه له‌گه‌ڵ هاودۆسیەیهكی دیكه‌یان به ناوی شه‌هرووز مەرویی میلان له به‌هاری ١٣٩٦(2015) به بێ مافی پارێزه‌ری داواکراوی خۆیان له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیه‌وه به تۆمه‌تی «موحارەبه» سزای ئێعدام‌یان به سه‌ردا سه‌پا. ئه‌م سزایه دوای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و تانەلێدانی ئه‌م زیندانییانه له به‌هاری ١٣٩٧(2016) له لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێران‌دا كه‌م كرایه‌وه و نێردرایه لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ. له هاوینی ١٣٩٧دا(2016) سدیق شهمس، فه‌رزه‌نده شهمس و محه‌ممه‌د دره‌فشی له لایه‌ن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوه دووباره سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پا و شه‌هروز مرۆیی میلانیش سزای پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پا. ئه‌م سزایه له گه‌لاوێژی ئه‌مساڵدا جارێكی‌تر له لایه‌ن لقی ٣١ی دادگای باڵای ئێرانه‌وه هەڵوەشێنرایهوه و نێردرایه‌وه بۆ هەمان ئەو دادگایەی كه حوكمه‌كه‌ی ده‌ركردووه و دیسان له‌وێشدا په‌سه‌ند كرایه‌وه.
ئه‌م زیندانییانه له چه‌ند مانگی ڕابردوودا بۆ ئاماده‌بوون له كۆبوونه‌وه‌ی دادگایكردنیان له زیندانی ماكۆوه گواسترانه‌وه بۆ زیندانی ورمێ.