هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران له ڕۆژی شه‌مه ٢ی گه‌لاوێژه‌وه ده‌ستیان داوه‌ته ده‌ستبه‌سه‌ركردنی به‌ربڵاوی چالاكانی كورد له شاری بۆكان و تا ئێستا لانیكه‌م ده‌چ الاكی كوردیان ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا له پادگانی ئهلمەهدیی ورمێ كردووه. تا ئێستا تەنیا ناسنامه‌ی پێج كه‌س له‌و ده‌ستبه‌سه‌ر كراوانە كه‌وتۆته به‌رده‌ست كه بریتین له عهزیمهناسری، كه‌ژاڵ ئه‌مینی، ئەنوەر مه‌له‌كی، كه‌مال عه‌باسیوه‌ند و شه‌مزین محه‌ممه‌دی.
به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئێواره‌ی ڕۆژی یهكشهممه٣ی گه‌لاوێژ هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران به‌بێ نیشاندانی حوكمی یاسایی دوو چالاكی كوردیان به‌ناوه‌كانی كه‌مال عه‌باسیوه‌ند و ئەنوەر مه‌له‌كی له شاری بۆكان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
هه‌روه‌ها ڕۆژی ڕابردوو ٥ی گه‌لاوێژ، هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا هاوكات چوونەتە سەر ماڵی سێ چالاكی كورد به‌ناوه‌كانی عهزیمهناسری، كه‌ژاڵ ئه‌مینی و شه‌مزین محه‌ممه‌دی و ئه‌م كه‌سانه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
لانیكه‌م پێنج چالاكی دیكه‌ی كوردیش له‌لایەن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه له شاری بۆكان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریدا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك لە سەر ناسنامه‌ی ئه‌م كه‌سانه به‌رده‌ست نه‌كه‌وتووه.
پێشتر عه‌زیمه ناسری له‌ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانباری ١٣٩٩ هاوكات له‌گه‌ڵ شەپۆلی به‌ربڵاوی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چالاكانی كورد له لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپاوە له مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. ناوبراو دوای چه‌ند حه‌فته‌و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینه‌وه‌كان لهدهستبهسهرگهی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە ڕه‌وانه‌ی زیندانی ناوه‌ندیی ئەو شارە كرا و له‌ڕێكه‌وتی ١٧ی ڕه‌شه‌مه‌دا به‌دانانی بارمته به شێوه‌ی كاتی تا کاتی دادگاییكردن ئازاد كرابوو.