تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕدا (٣٠ی ژوەن) حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی ئومید ئیبراهیمی و سالار نەسیری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە. ئەم دوو زیندانییە لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕدا (٢٩ی ژوەن) لەگەڵ شاکر بێهرووز، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە تورکەی خەڵکی ورمێ چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٥ی گەلاوێژ (٢٧ی جولای) حوکمی لەسێدارەدانی سێ زیندانیی تر بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ڕەحیمی، هیوا ئەحمەدی و پەیام یەزدانی لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کراوە.

پەیام یەزدانی، خەڵکی گوندی «سەروماڵ» و هیوا ئەحمەدی، خەڵکی گوندی «بێساران»ی سەوڵاوا، پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی «قەساسی نەفس»یان بۆ دەرچووبوو.

هەروەها عەبدوڵڵا ڕەحیمی، خەڵکی دێولان کە زیاتر لە ٧٠ ساڵی تەمەن بوو، نزیکەی ١٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و حوکمی «قەساسی نەفس»ی بۆ دەرچووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی دوو ژنی زیندانیی بە ناوەکانی سوهەیلا عابیدی و فەرانەک بەهەشتی لە زیندانەکانی سنە و ورمێ بڵاو کردبۆوە.