نیوەڕۆی هەینی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبر) ژینا (مەهسا) ئەمینی دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکانی نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم ژنە لاوە، ژمارەیەک لە خزمانی و هەروەها هاووڵاتییان لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا و شەقامەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەکە گرد بوونەوە کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەریان و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کران.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا تەرمەکەیان بە بیانووی توێکاریی پزیشکییەوە گواستۆتەوە بۆ پزیشکیی داد و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە دامودەزگا ئەمنییەکان سەبارەت بە وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنە بیانییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا هەڕەشە و گوشاریان خستۆتە سەر بنەماڵەکەی و وتی: «کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر فەزای ناو نەخۆشخانەی کەسرادا کێشاوە و هێشتا هیچ وەڵامێکی دروست و ڕوون لەسەر کاتی ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیەنراوە».

ئەم سەرچاوەیە وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئیدیعاکانی پۆلیسی تاران و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا سەبارەت بە مەرگی ژینا لە دەستبەسەرگەی وزەرای تاراندا، زیادی کرد: «لە کاتی دەستبەسەرکردنەکە و لە ناو ئۆتۆمبێلی «گەشتی ئیرشاد»دا ژینا کەوتۆتە بەر ئەشکەنجە و لێدانەوە، ژینا هیچ پێشینەیەکی نەخۆشینی نەبووە و هەربۆیە بەرپرسایەتیی مردنەکەی لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. بنەماڵەکەیشی سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوشارەکان، تا دیاریکردنی چارەنووسی دۆسیەکە و دادگاییکردنی بکەران و هۆکاران کوشتنی منداڵەکەیان بێدەنگ نابن».

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سێپتامبر) ژینا ئەمینی لەگەڵ براکەیدا و لە کاتی چوونەدەرەوە لە میترۆی حەقانیی شاری تاران لە لایەن هێزەکانی «گەشتی ئیرشاد»ـەوە بە بیانووی «حیجابی خراپ» دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزەرا. دەوترێت ئەم ژنە لاوە لە کاتی گوازرانەوەدا بۆ ئەم دەستبەسەرگەیە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی گەشتی ئیرشاددا کەوتۆتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی هێزەکانی پۆلیسەوە.

دوو کاتژمێر دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ دەستبەسەرگەی وزەرا، ژینا ئەمینی گەرچی لەسەر خۆی چووبوو زۆر درەنگ ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرای تاران کراوە.