بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هیوا مەسعوودی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم ئیدارەیەدا ڕاگیراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار بە تەلەفۆن پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و شوێنی ڕاگرتنەکەی پێ وتوون.

ناوبراو مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراوەتەوە لە بەردەستدا نییە.

هیوا مەسعوودی، چالاکی مەدەنیی سنە و لە چالاکانی پێشووی خوێندکاری، پێستریش لەبەر چالاکییە مەدەنییەکانی دەستبەسەر کرابوو. لەوانە لە مانگی بەفرانباری ١٣٨٩ (دێسامبری ٢٠١٠) و لە هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵی زیندانیی سیاسیی کورد حەبیب لەتیفی لە سنە، لەگەڵ ١٩ کەسی تردا دەستبەسەر کرابوو.

به‌ پێی ئاماره‌ كۆكراوه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له‌ سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا لانیكه‌م ٧٨٥ کەس له‌ شاره‌كانی سنه‌، شنۆ، تیكاب، پیرانشار، سه‌رده‌شت، بۆكان، ورمێ، مه‌هاباد، دیوانده‌ره‌، قوروه‌، سه‌قز، بیجار، مه‌ریوان، بانه‌، دێۆلان، كامێران، پاوه‌، كرماشان، شەهاباد، ئیلام، ئاودانان، تاران و نه‌وشه‌هر له‌ لایه‌ن هێزه‌ چەکدار و ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.