ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبر) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی مانگرتن و خۆپیشاندان لە شارە جیاوازەکاندا، کاسبکاران و بازاڕیان لە شارەکانی سنە، مەریوان، بانە، بۆکان، کامێران، دێولان، سەقز، دیواندەرە، بۆکان، مەهاباد و هەندێ ناوچەی کرماشان دەستیان دایە مانگرتنی بەربڵاو.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەربڵاوی ئەم شارانەدا، هێزەکانی پۆلیس، بەسیجی سپای پاسداران و جلوبەرگ مەدەنییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە مەیدانە سەرەکییەکان، شەقامەکان و تەنانەت گەڕەکی شارەکاندا جێگیر کران و لە ڕێگای مانۆڕی سەربازییەوە فەزای ترس و تۆقانیان دروست کرد.

شەوی ڕابردوو دیسان لە شارەکانی ورمێ، ئیلام، سنە، کرماشان، مەهاباد، پیرانشار، سەقز، دیواندەرە، دێولان و بۆکان خۆپیشاندانی ناڕەزاییانەی بەربڵاوی جەماوەری بەڕێوە چوو. لەم خۆپیشاندانانەدا لانیکەم چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی کەمال فیقهی، عەزیز مورادی، سینا نادری و ئارمین سەیادی لە شارەکانی سنە، بۆکان و کرماشان لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پۆلیس و بەسیجدا کوژران. هەروەها زیاتر لە ٧٥ کەسی تریش بە تەقەی چەکی ساچمەزەن و چەکی شەڕ بریندار بوون و لانیکەم یەکیان چۆتە حاڵەتی کۆماوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە تا ئێستا ٣٥ کەس، لەوانە ٥ منداڵ، لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، سنە، مەریوان، کرماشان، شاباد، ئیلام، بۆکان، قەزوین، وەرامین و کەرەج بە تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت و بەسیج کوژراون.

شایەتحاڵێک لە گەڕەکی دەرەدرێژ (مەهدیە)ی کرماشان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شەوی ڕابردوو دوای دەستپێکیردنی خۆپیشاندانەکان لەم گەڕەکە و گەڕەکی ئیسلامییەی کرماشاندا، هێزەکانی پۆلیس و بەسیجی سپای پاسداران بەرەو خۆپیشاندەران دەسڕێژیان کرد و سینا نادری و ئارمین سەیادی گوللەی چەکی شەڕیان بەر کەوت و کوژران».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە کە شایەتحاڵی کوژرانی سینا نادری بووە، هێزەکانی بەسیج لە پشتەوە تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ کردووە و کوشتوویانە.

ئەگەرچی هەندێ لە سەرچاوەکان دەڵێن ئەو دوو خۆپیشاندەرە منداڵ بوون، بەڵام بە هۆی گرفتی ئینتەرنێتەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئەم ساتە نەیتوانیوە زانیاریی ورد و باوەڕپێکراو لەسەر ئەم دوو خۆپیشاندەرە گیانبەختکردووە بەدەست بهێنێت.

یەکێکی تر لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوو، عەزیز مورادییە کە دانیشتووی گەڕەکی نایسەری سنە بوو. ناوبراو کە خاوەنی خواردنگەیەکی خواردنی ئامادە بوو، شەوی ڕابردوو لە خۆپیشاندانەکانی ئەم گەڕەکەی پەراوێزی سنەدا لە مەودای نزیکەوە کرایە ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

بە وتەی شایەتحاڵێکیش لە بۆکان، کەمال فیقهی شەوی ڕابردوو لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا، لە حاڵێکدا کە لەسەر بانی ماڵەکەی خۆی بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کرایە ئامانج و دوای ئەوەی کە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کرا، لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

تا ئێستە تەرمی عەزیز مورادی، سینا نادری و ئارمین سەیادی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و ئەم بنەماڵانە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە بۆیان نییە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤدا پێوەندی بگرن.

تەرمی کەمال فیقهییش ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان ئەسپەردە کراوە.

هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە گەڕەکی ئیسلامئاوای ڕۆژئاوای شاری ورمێ، باس لە سووڕانەوەی درۆنەکانی سپای پاسداران بەسەر شوێنی خۆپیشاندانەکاندا و تەقەکردنی هێزەکانی پۆلیس لە خۆپیشاندەران دەکەن.

لە شارەکانی مەهاباد، دیواندەرە و بۆکانیش خۆپیشاندانی شەوانە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوە چوو و لەم شارانەیشدا هێزە ئەمنییەکان دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە.