تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سامان یاسین (سەیدی)، گۆرانیبێژی ڕەپ و دیسلاڤی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران کە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، لەم حەفتانەی دواییدا گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سامان نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە زیندانی فەشافوویەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دوای ئەم پێوەندییە ئیتر ئاگامان لە چارەنووسی نییە. دوابەدوای سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین وتوویانە دیداری بنەماڵە لە سامان قەدەغە کراوە».

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند کەس لە خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان سەیدیشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە میدیا دەوڵەتییەکانەوە بڵاو کرایەوە و تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

بەڕێوەچوونی دادگاکە و ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «موحارەبە» و بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی سامان یاسین بووەتە مایەی نیگەرانیی بنەماڵەکەی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەگەری سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر ناوبراو و هەموو ئەو کەسانەی تردا کە ئەو ڕۆژە دادگایی کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هونەرمەندە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستە مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە و بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحیدایە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا برایە دادسەرای ئەمنییەت لە زیندانی ئێڤین و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی فەشافوویە. ناوبراو دوای نزیکەی دوو حەفتە مانەوە لە زیندانی فەشافوویە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.