بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمیرڕەزا شامحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ١٣ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبر) لەگەڵ دایکیدا، مەنزەر شامحەممەدی، لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

گەرچی مەنزەر شامحەممەدی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە بەڵام ئەمیرڕەزا شامحەممەدی گوازراوەتەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاباد سەبارەت بەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەمیرڕەزا لە ڕێوڕەسمی چلەی کوژراوانی شاری شاباددا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو، بەڵام لەبەر مەترسیی دەستبەسەرکران نەچووبووە نەخۆشخانە و دایکی لە ماڵەوە دەرمانی کرد و ئاگای لێی بوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٣ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبر) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەستیان داوەتە لێدانی قورسی دایکی کە دەیهەویست بەر بە دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی بگرێت.

هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم دایک و منداڵە سەرەتا بردوونیانەتە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای شاباد و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ و دوای ئازادکردنی مەنزەر شامحەممەدی، ئەمیرڕەزا شامحەممەدییان دوای شەوێک ڕاگرتن لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماسان کردووە. لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە و مۆڵەتی پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریشی پێ نەدراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی گەڵاڕێزان (٤ی نۆڤامبر) لە ڕێوڕەسمی چلەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی شاری شاباددا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی هاووڵاتییان و چەندین کەس لە ئەنجامی دەسڕێژی ئەم هێزانەدا بریندار و دەستبەسەر کران.