هاووڵاتییەکی ٤٨ ساڵانی خەڵکی گێلانی ڕۆژئاوا بە ناوی ئەردەڵان قاسمی لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ١٩ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبر) لە کاتی دروشمنووسیندا لە شاری کرماشان بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەردەڵان قاسمی و هاوڕێکەی لە کاتێکدا کە لە بلواری تاقەوسانی شاری کرماشان خەریکی دروشمنووسین بوون، لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە بینراون و لە پشتەوە دەسڕێژی گوللەی شەڕیان لێ کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزەکاندا سێ گوللە بەر شان، گورچیلە و نەرمایی ڕانی ئەردەڵان کەوتووە. هێزەکان لە حاڵێکدا کە خوێنێکی زۆری لەبەر دەچوو دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، بەڵام نەیانهێشتبوو خێرا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و ئەردەڵان دوای چەند کاتژمێر بە هۆی خوێنلەبەرچوونی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە».

دەوترێت هاوڕێکەیشی کە گوللە بەر کەمەری کەوتووە، بە قورسی بریندار بووە و ئێستە لە نەخۆشخانەدایە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەردەڵان قاسمی بە بنەماڵەکەی ١٦ میلیۆن تمەنیان وەرگرتوون. هەروەها بنەماڵەکەی ناچار کراون نووسراوەیەک ئیمزا بکەن کە گوایە ئەردەڵان قاسمی لە کاتی دزینی ئۆتۆمبێلدا کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی پۆلیس.

تەرمی ئەردەڵان قاسمی لە حاڵێکدا ڕۆژی شەممە ٢١ی گەڵاڕێزان (١٢ی نۆڤامبر) لە کەشێکی قورسی ئەمنیدا و بەبێ ڕاگەیاندنی گشتی لە گۆڕستانی تاقەیلی گێلانی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان ئەسپەردە کرا کە بە هۆی قورسبوونی برینەکان و خوێنلەبەرچوونەوە، تەرمەکەی لە کیسەی پلاستیکیدا گوازراوەتەوە بۆ شوێنی ئەسپەردەکردن.