بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، خەبات فەدایی، هونەرمەندی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی وەرامینەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ و کۆمەڵدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ئێران» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەنداندا (١٩ی فێبرییە) بەم هەنەرمەندە کوردە ڕاگەیەنراوە و ئەگەر لە دادگای پیاچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند بکرێتەوە، بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لە کۆی ٦ ساڵ بەندکران گەورەترین سزاکە کە ٥ ساڵە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

خەبات فەدایی لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەردا (٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە زیندانی ئێڤین و لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەڵاڕێزاندا (١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.