بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٩ی گوڵان (٢٩ی ئاوریل) لقی ٩٠٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد، بڕیاری دەستبەسەربوونی زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد سەکینە پەروانەی بۆ ماوەی مانگێکی تر تازە کردووەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە دوێنێ بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە زیندانی ناوەندیی مەشهەدەوە گوازرایەوە بۆ دادگای ئەو شارە و لقی ٩٠٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیاندووە. تۆمەتی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» ڕاگەیەنراوە.
سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی پێشوو ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوە (٤ی ئاوریل) لە ترمیناڵی مەشهەد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە. هاوکات شۆفێری ئەو تاکسییەش کە سەکینەی گەیاندبووە ترمیناڵ، لە لایەن ئەو هێزانەوە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کرابوو و بە قورسی لێیان دابوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خاکەلێوە (١٤ی ئاوریل) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا.
دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» لە لقی ٩٠٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەشهەد لە بەردەم لێکۆڵینەوەدایە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
سەکینە پەروانە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٥ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە چوارەم ساڵی زیندانیبوونیدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتی، لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد ئازاد کرا. ناوبراو ماوەیەکی کورت دوای ئازادبوون جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمەدا (٧ی مارس) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای ٤ ڕۆژ ئازاد کرا.
دوای ئازادبوونی سەکینە لە زیندان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (فێبرییەی ٢٠٢٣) تا ئێستە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئامادە نەبووە بەڵگەنامە کەسییەکانی ئەم هاووڵاتییە، لەوانە ناسنامە و…، ڕادەست بکاتەوە.
سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. بهپێی قسهكانی خانمی سهكینه، بەرپرسە ئهمنییەکانی كۆماری ئیسلامی له ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (٦ی نۆڤامبری ٢٠١٩) به بیانووی چاوپێكهوتن لهگهڵ بنهماڵهکەیدا له شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوهی ١٠ ڕۆژ له دهستبهسهرگهكانی مهریوان و سنهدا گێڕاویانە و دواجار گواستوویانەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین. قۆناغی دهستبەسەربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سهختترین ئهشكهنجهی جهستهییدا، لە بەندی دووی ئەلف، ٢٠٩ و بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندا تێپەڕی.
پەیام دوڕئەفشان، پارێزهری پێشووی ئهم بهندكراوه سیاسییه، رۆژی ٥ی جۆزهردانی ساڵی ١٣٩٩ (٢٥ی مەی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند که سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی ئهندامێتی له دهسته و لایهنه سیاسییهكاندا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ و تاقمی دژبەری حکوومەتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە سەر سەکینە پەروانەدا سەپاوە.
سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمینئاوای شاریڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٤ی ژولای ٢٠٢٠) و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە ڕەوانەی زیندانی قووچان و زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار براوەتە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەشهەد و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی تەلەڤیزیۆنی خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ماوەی زیندانیبووندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، چەندین جار مانی لە خواردن گرتبوو.