سزای لەسێدارەدانی حەمزە گەراوەند، بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ (٥ی ئاگۆست) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ (٦ی ئاگۆست) لە سێدارە دراوە.

حەمزە گەراوەند، ٢٨ ساڵان و خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

هەروەها هەواڵنێریی «حال‌وش» لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەدا، دوو بەندکراوی دیکەیش بە ناوەکانی ئازاد عەبدوڵڵاهی، خەڵکی بەندەرعەباس و ئەمینوڵڵا نارۆیی، خەڵکی زابۆل، هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون.