عەلی (دیار) بەخشایی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری دەرەگەزی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کە سزای ٥ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە فەرهەنگی و کرێکارە کوردەی دانیشتووی تاران لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٢ی ئەلفی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە زیندانی ئێڤینی تاران.

عەلی (دیار) بەخشایی بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ئەشکەنجە درا و پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨دا (١٨ی ژوەنی ٢٠١٩) لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ/دەرەوەی وڵات» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دوای ئەوەیش کە تانەی لەو حوکمە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران و لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا (١٠ی جولایی ٢٠١٩) لە لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی تاران وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

عەلی بەخشایی لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا و تا ئێستا بەبێ ئەوەی مافی وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ بدرێت، هەر لە زینداندا ماوەتەوە.