بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە رۆژانی رابردوودا عومەر (شەوکەت) فەرهەنگ، بەندکراوی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی ١٠ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا سەرەڕای تووش بوون بە چەندین نەخۆشی وەکوو هۆمورۆئید، نەخۆشی پێست و ئاوسانی ژێر قوڕگ لە هەوو جۆرە چارەسەرییەکی پزیشکی و مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی لێ زەوتکرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “ئەم هاوڵاتییە کوردەی خەڵکی مهاباد لە ماوەی بەندکرانیدا لە دۆخێکی دژواردا بووە و هەر بۆیە چەندین جار دەستی دایە مانگرتن لە خواردن”.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، عومەر (شەوکەت) فەرهەنگ لە رێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٨/ 2009.09.13 لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەدا لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحی دا بوو.

ناوبراو لە نامەیەکیدا کە لە بەندیخانەوە نووسیویەتی، سەبارەت بە دۆخی خۆی لە کاتی دەستبەبوونیدا نوسیویەتی: “لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا تا رادەیەک خرابوومە ژێر ئەشکەنجەوە کە هەموو رۆژێک ئاواتەخوازی مەرگ بووم. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هیچ تاوانێکم ئەنجام نەدابوو. تەنیا بەوە تاوانبار کرابووم کە پەیوەندیم لەگەڵ هەندێک کەس بووە کە وەزارەتی ئیتلاعات بەرهەڵستکاری رژیمی ناو دەبردن. ئەم کەسانە لە ماڵەکەی مندا میوان بوون و هیچ ئاگام لەوە نەبوو کە دژی سیاسەتەکانی رژیم بوون.”

ئەو بەندکراوە سیاسییە پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوزرابووەوە و سەرەنجام لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)” سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە بەهاری ساڵی ١٣٨٩/ 2010 بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل دوورخرایەوە.

دەگوترێت ئەم بەندکراوە سیاسییە لە کاتی بەندکرانیدا لە بەندیخانەی ئەردەبیل بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی و مانگرتن لە خواردن چەندین جار بۆ بەندنی رەوان دەرمانی گوازرابووەوە.