ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، دوای ساڵێک دەستبەسەربوون بە هۆی ئامادەنەبوونیەوە لە بەردەم دادگادا دوا خرا بۆ کاتێکی دیکە.

ڕۆژی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ کاتی دیاریکراودا بۆ دادگاییکردنی، بەرگرینامەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە ڕووی لە ڕای گشتی بوو، لە ماڵپەڕی «بیدارزنی»دا بڵاو کرایەوە. وریشە مورادی لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدیدا لە کۆبوونەوەی دادگادا بەشداری ناکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) وریشە مورادی کە ئێستە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، بە مەبەستی ناردن بۆ دادگا بانگهێشت کراوە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە ئامادە نییە لە کۆبوونەوەی دادگادا بەشداری بکات.

هاوکات پارێزەرەکانی کە تا ئێستەیش مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدراوە، چوونەتە دادگا و بە دادوەر سەڵەواتیی سەرۆکی دادگاکەیان ڕاگەیاندووە کە پارێزوانەکەیان وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدیدا، ئامادە نەبووە لە کۆبوونەوەی دادگادا بەشداری بکات.

دادوەر سەڵەواتییش ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی دادگا دوا دەخات بۆ کاتێکی دیکە.

وریشە مورادی لە بەشێک لە نامەکەیدا کە لە لایەن ماڵپەڕی «بیدارزنی»یەوە بڵاو کراوەتەوە، وتوویەتی: «سزای نادادپەروەرانەی لەسێدارەدانی چالاکانی ژن (شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی) لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دداننانی کۆماری ئیسلامییە بە ناکارامەبوون و دۆشداماوبوونی سیاسیی خۆیدا. بانگەشەی بەهێزبوونی دەوڵەتی نوێ، زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن و پەرەدان بە سەرکوتکردنەکان لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، تەنها خەیاڵێکی پووچەڵە و هیچی تر. هەر بەم مەبەستەیشە کە من بە تاوانی ژنبوون، کوردبوون و گەڕان بە دوای ژیانی ئازاددا تۆمەتی «بەغی»م ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ئێستایش دوای تێپەڕینی ساڵێک لە دەستبەسەربوونی کاتی، لە نۆبەتی دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردندام لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژدا (٤ی ئاگۆست). گەرچی دەزانم ئامادەنەبوون لە دادگادا ڕەنگە وەک ئامادەنەبوون بۆ بەرگریکردن لە خۆم لێک بدرێتەوە، بەڵام وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەڤاڵانم پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدیدا، ناڕۆمە دادگا و ئامادە نیم ئاوا دادگایەک کە حوکمێکی دادپەروەرانەی تێدا دەر ناکرێت، بە فەرمی بناسم».

ئەم ژنەچالاکە لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی: «لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی سنە بۆ کامێراندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرام. دەسڕێژی گوللە، شکاندنی جامی ئۆتۆمبێلەکە، ئەشکەنجە و ئازاردانی فیزیکی لە ساتەوەختی دەستگیرکردندا، شەڕی دەروونی، لێپرسینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا (ئەشکەنجەی سپی) دوور لە چاوی کامێراکان بۆ ئەوەی ئەو هەڵسوکەوت و کردارە نائەخلاقییانەیان تۆمار نەکرێت، لێپرسینەوە لە بەردەم کامێرادا بە مەبەستی داماڵینی ئیرادە و ئەو گوشارانەی لە ماوەی ١٣ ڕۆژ ڕاگیران لە ئیتلاعاتی سنەدا خرایە سەرم، تەنها بەشێکن لە کۆی ئەو گوشارانەی ڕوبەڕووم کراوەتەوە. ئەوان پێیان وتم تۆ وەحشیت، وتیان لە ژنبوون داماڵڕاویت! بۆچی ناگریت؟ دواهەم جارێک گریای کەی بوو؟ دواهەم جارێک بۆنت بە گوڵێکەوە کردووە کەی بوو؟ دوای ئەوە گواستمیانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، لەوێیش لەژێر لێپرسینەوە و گوشاری فراواندا، لەوانە ئەشکەنجەی سپی، سیناریۆسازیی دژواز و فریودەرانە و هەڕەشەی تیرۆری کەسایەتی و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و…، بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو ڕایان گرتم. سەرئێشەی قورس و خوێنلێچوونی بەردەوام (خوێنبەربوونی لووتم)، تەشەنەسەندنی ئێشی مل و پشتم، دیارییەکانی ڕۆژانی ژیانم بوون لە ژووری تاکەکەسیدا».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ئەمساڵەوە (٦ی مەیی ٢٠٢٤) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و پارێزەرەکانی تا ئێستە نەیانتوانیوە دۆسیەکەی بخوێننەوە.

دوو حەفتە لەمەوپێش پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکێکی کوردی دیکەی تۆمەتبار بە «بەغی»، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە چوو، لەم کۆبوونەوەیەدا وریشە مورادی مۆڵەتی وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرا و دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی تەنانەت بە پارێزەرەکانیشی مۆڵەتی بەرگریکردنی نەدا.

لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٣ی مەی) بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دوا خرا و ڕۆژی ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) هەر بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی ئەو زیندانە. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.