لانیکەم ١٣ هاووڵاتی و چالاکی کورد به ناوەکانی وریشه مورادی، سەردار شاهمورادی، عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوه ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری، جوامێر (جوانمرد) مام‌خەسرەوی، کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، حسەین خەسرەوی، سلێمان ئەدهەمی و هیوا نووری که زۆربەیان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و بۆکاندا دەستبەسەر کراون، بە تۆمەتی «بەغی»، «افساد فی‌الارض» و «موحارەبه» لە زیندانی شارە جیاوازەکاندان.

ئەم کەسانە کە ئێستە لە زیندانەکانی ئێڤینی تاران، بۆکان، سنە و ورمێدان، دوای دەرکردنی سزانامە لە بەردەم هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی وەک لەسێدارەداندان.

بەپێی ئەو وتووێژانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵە و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکاندا سەبارەت بە بارودۆخی ئەم زیندانیانە ئەنجامی داوە، یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، جوامێر (جوانمرد) مام‌خەسرەوی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران و لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چووە.

حەوت زیندانیی دیکە، سەردار شاهمورادی، کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، حسەین خەسرەوی، سلێمان ئەدهەمی و هیوا نووری، تا ئێستایش لە دۆخی هەڵپەسێردراو و لە زیندانەکانی بۆکان، سنە و ورمێدا ڕاگیراون.

وریشه مورادی

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە چوو، لەم کۆبوونەوەیەدا وریشە مورادی مۆڵەتی وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرا و دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی تەنانەت بە پارێزەرەکانیشی مۆڵەتی بەرگریکردنی نەدا.

دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە بڕیارە ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ (٤ی ئاگۆست) بەڕێوە دەچێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی پارێزەرەکانی تا ئێستا مۆڵەتی بینین و خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدراوە.

سەردار شاهمورادی

سەردار شاهمورادی، خوێندکاری بەشی کەرەستە پزیشکییەکانی زانکۆی (علمی-کاربردی)ی سنە، سەرەتای سەرماوەزی ١٤٠١ (دیسامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سنەدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

دەوترێت ئەم خوێندکارە کوردە تۆمەتبار کراوە بە «موحارەبە» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە کوشتنی ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامیدا لە ڕۆژی چلەی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٧ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢).

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئاوا تۆمەتێک لە بەردەستدا نییە و ئەم هاووڵاتییە سەرەڕای ئەشکەنجە قورسەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، کۆی بانگەشەی لێپرسەوە ئەمنییەکانی لەسەر «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامیدا» ڕەت کردووەتەوە.

پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢ی دێسامبری ٢٠٢٢) دەزگای ئیتلاعاتی سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە «چوار کەس لە بکەرانی ڕووداوی شەهیدکردنی شەهید حەسەن یووسفی لە شەهیدانی پارێزوانی ئاسایش لە پارێزگاکەدا» دەستبەسەر کراون. سەرەڕای ئەم هەواڵەیش، دەستبەسەرکراوانی دیکە دوای ماوەیەک لە زیندان ئازاد کران و تەنها سەردار شاهمورادییە کە تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە زیندانی ناوەندیی سنەدایە.

عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و جوامێر (جوانمرد) مام‌خەسرەوی

ئەم پێنج هاووڵاتییەی خەڵکی بۆکان لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی دیکە و لە کۆتایی خاکەلێوە و سەرەتای گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم کەسانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. ئەم هاووڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.

بەپێی سزانامەیەک کە بۆ چوار لەم کەسانە دەر کراوە، عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری، تۆمەتی «بەغی»‌، «موحارەبه»، «پیلانگێڕی»، «هاوکاریکردنی دەوڵەتە دژبەرەکان»، «قاچاخی ستارلینک» و…یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە. هەروەها جوامێر (جوانمرد) مام‌خەسرەوییش تۆمەتی «موحارەبه»، «هاوکاریکردنی دەوڵەتە دژبەرەکان»، «قاچاخی ستارلینک» و…ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی لە دۆسیەیەکی دیکەیشدا تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی سوپای پاسدارانیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا دانپیانانی زۆرەملێی چوار لەم هاووڵاتیانەی بڵاو کردەوە.

کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی و ڕەوف شێخ‌مەعرووفی

ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، دواجار پاش ١٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

محەممەد فەرەجی و کامران سوڵتانییش بە ڕیز لە ڕۆژانی ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (٢٢ و ٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیو بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.

ڕەوف شێخ‌مەعرووفی لە دۆسیەیەکدا تۆمەتی «افساد فی‌الارض»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی سزانامە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد نێردراوە. هەروەها دۆسیەیەکی دیکەیشی لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی بۆکاندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر گوڵحسەینی بۆ کراوەتەوە بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی ناو ئەو دۆسیەیە لە بەردەستدا نییە.

هەروەها کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا تۆمەتی «موحارەبه»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی ئەوانیش دوای دەرکردنی سزانامە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.

حسەین خەسرەوی، سلێمان ئەدهەمی و هیوا نووری

حسەین خەسرەوی و سلێمان ئەدهەمی، بەرنوێژی دوو مزگەوت لە گوندەکانی بانە و بۆکان، لەگەڵ هیوا نووریدا، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٢٩ و ٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانیی ناوەندیی ورمێ کراون.

سزانامەی ئەم سێ هاووڵاتییە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە تۆمەتی «بەغی»، «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیی ئەنسارولسوننەدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن داواکاری گشتییەوە دەرکراوە و دۆسیەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

لە ئێستەدا لانیکەم پێنج زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، نایب عەسکەری، حاتەم ئوزدەمیر، یووسف ئەحمەدی و ڕەزا ڕەسایی بە سزای لەسێدارەدانەوە لە زیندانەکانی ورمێ، سنە و کرماشاندان. سزای لەسێدارەدانی یووسف ئەحمەدی و ڕەزا ڕەسایی لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کراوە و ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادان.