پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (٢٣ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە دانامەکەی لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا، ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای «چالاکی و تێکۆشانی کاریگەرەوە بە کەڵکوەرگرتن لە چەک بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی گرووپگەلێک کە لە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامیدا شۆڕشی چەکداری دەکەن و ڕێبەرایەتییەکەیان هێشتا کارایە» سزای لەسێدارەدان و هەروەها بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی وڵاتدا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم ژنەچالاکە کوردە لە کاتێکدایە کە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگادا دادوەر ئیمان ئەفشاری ڕایگەیاندبوو کە بەپێی سزانامەکەی داواکاری گشتی، دیاریکردنی سزا بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر بنەمای مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەبێت.

بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی، «هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر ڕێبەرایەتیی ڕێکخراوەکە هێشتا چالاک بێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەریش ڕێکخراوەکە و ڕێبەرایەتییەکەی لە ناو چووبن، سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت».

بەڵام لە دووهەم کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) دادوەر ئەفشاری ڕایگەیاندبوو کە مادە یاساییەکە لە ٢٨٨ـەوە دەگۆڕێت بۆ ٢٨٧ و هەر بۆیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

بەپێی مادەی ٢٨٧ی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی، «گرووپێک کە لە بەرانبەر بنەماکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕاپەڕینی چەکداری بکات، بە باغی لە قەڵەم دەدرێت و ئەگەر چەک بە کار بهێنێت، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەندامەکانیدا دەسەپێت».

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەخشان عەزیزی لە هەموو لێپرسینەوەکاندا لە دەستبەسەرگەی ٢٠٩ی ئێڤینی تاران و لە کۆبوونەوەکانی دادگایشدا، هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لە چالاکیی چەکداری و ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) ڕەت کردووەتەوە.

مازیار تاتایی و ئەمیر ڕەییسیان، پارێزەرانی پەخشان عەزیزی، دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پارێزوانەکەیان، لە وتووێژ لەگەڵ «شبکە شرق»دا ڕایانگەیاند کە «سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتی بەغی دەر کراوە و خانمی عەزیزی وەک کەسێک کە لە پێناو ئامانجەکانی گرووپی باغیدا کاری چەکداریی کردووە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە خانمی عەزیزی نەتەنها لە هیچ چالاکییەکی چەکداریدا بەشداریی نەکردووە بەڵکوو هەر بە گشتی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە ئێراق و سووریا بووە و دوای تاوانکارییەکانی داعش، لە ساڵی ١٣٩٤ـەوە (٢٠١٥) بە ناچار چووە بۆ کامپی ئاوارەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوا و لەبەر ئەوەی کە ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتییە، یارمەتیی ئاوارەکان و قوربانیانی شەڕی داوە. تەنانەت لە خودی حوکمەکەیشدا هیچ ئاماژەیەک بە بەشداریکردنی خانمی عەزیزی لە هیچ چالاکییەکی چەکداری یان تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا دژ بە کەسانی ئێرانیی حەقیقی یان یاسایی و دەوڵەتی و نادەوڵەتیدا نەکراوە».

مازیار تاتایی هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بەڵگە بۆ چالاکیی سەربازی یان چەکداری چی بووە، وتوویەتی: «بڕوانن، تاکەشتێک لە حوکمەکەدا هاتبێ ئەوەیە کە پەخشان عەزیزی بە چەکەوە لە وڵاتانی ئێراق و سووریادا هاتوچۆی کردووە و لە شەڕە ناوخۆییەکانی سووریادا بەشداریی کردووە».

لە دادنامەکەی لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا، وێڕای ئاماژەدان بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پاش کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینییەوە کە وەک «ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ١٤٠١» ناوزەد کراوە، وتراوە: «ناوبراو [پەخشان عەزیزی] بە مەبەستی تێکدانی دۆخی ئێران دێتەوە بۆ ناو ئێران و لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوانی ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ١٤٠١دا پێوەندی دەگرێت و دەست دەکات بە بانگەشەکردن بۆ ئامانج و بەرنامەکانی گرووپەکەی و داوایان لێ دەکات درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و واز لە خوێنی منداڵەکانیان نەهێنن».

لە درێژەیشدا ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی ساڵی ١٣٨٨ی (٢٠٠٩) پەخشان عەزیزی لە گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی تاراندا بۆ شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی ئێحسان فەتاحیان کراوە: «تۆمەتبار هەروەها لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی دژ بە لەسێدارەدانی تیرۆریستێکی کۆمەڵەدا بەشداریی کردووە».

پارێزەرەکان ڕایانگەیاندووە کە تانە لە حوکمەکە دەدەن.

هەروەها سێ ئەندامی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەیش لە لایەن هەمان ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی «ئاسانکاری بۆ هەڵاتنی تاوانکار لە دادگاییکران و سزادان» هەرکامە سزای ساڵێک بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵەوە (٦ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستووری شۆرای لێپێچینەوەی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە، بەم دواییانە لە دووتوێی نامەیەکدا کە لە ناو زیندانەوە نووسیویەتی، چیرۆکی ستەمی ژنبوون و کوردبوون دەگێڕێتەوە و باس لە دەستبەسەرکردنی توندوتیژی خۆی و بنەماڵەکەی، ئەشکەنجە قورسەکانی کاتی دەستبەسەربوون، ٥ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیدا و… دەکات.

پەخشان عەزیزی، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤)ی مەهاباد و دەرچووی لقی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم ژنەچالاکە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. دواجار ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

پەخشان عەزیزی لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بوو. ئەم ژنەچالاکە لە کاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان وەکوو ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتی و بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەکانی شەڕ سەرقاڵی کاری خۆبەخشانە لەو ناوچەیەدا بوو.