لە حاڵێکدا کە نزیک بە دوو مانگ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیی کورد یاسر مەنگوڕی لە پیرانشار تێدەپەڕێت، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەرمانان ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەواڵی کوژرانی ئەم هاووڵاتییە کوردەی لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا پشتڕاست کردۆتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا هەواڵی دەستبەسەرکردنی یاسر مەنگوڕیی لە بەرواری ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا بڵاو کردبۆوە. لە دوو مانگی ڕابردوودا و لەبەر نەبوونی هیچ جۆرە هەواڵێک لەسەر چارەنووسی یاسر مەنگوڕی، بنەماڵەکەی چەندین جار دەزگا ئەمنی و یاساییەکانیان بەسەر کردبۆوە، بەڵام هیچ دەزگا و سەرچاوەیەک ئامادە نەبووبوو بەرپرسایەتیی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بگرێتە ئەستۆ و وەڵامی پرسیارەکانی بنەماڵەی لەسەر چارەنووسی ناوبراو بداتەوە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا هەندێ هەواڵی پشتڕاستنەکراوە لەسەر ئەگەری کوژرانی یاسر مەنگوڕی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بڵاو کرابوویەوە، بەڵام یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت ئیدارەی ئیتلاعات پێی وتوون یاسر لە کاتی دەستبەسەرکردن و لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکاندا کوژراوە.

ئەم ئەندامەی بنەماڵەی یاسر مەنگوڕی دەڵێت: «شەوی ٢٦ی پووشپەڕ دوای ئەوەی پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یاسردا گیرا، ئەو لە ماڵ چووە دەرێ و ئیتر دوای ئەوە هیچ پێوەندی و زانیارییەکمان لەسەر ئەو پێ نەگەیشت. ئەڵبەت هەمان شەو و دوابەدوای چوونەدەرەوەی یاسر لە ماڵ، لە ناوچەی «سەرقەبران»ی پیرانشارەوە دەنگی تەقە بیستراوە و ڕۆژی دواتریش پووکەی چەند فیشەکێک لە لایەن خەڵکەوە لەو شوێنە دۆزرابوویەوە. بەڵام ئێمە قەت گریمانی ئەوەمان نەدەکرد ئەم تەقەکردنە پێوەندیی بە چوونەدەرەوەکەی یاسرەوە بێت، بەڵکوو پێمان وا بوو یاسر دەستبەسەر کراوە و لە یەکێک لە دەستبەسەرگە شاراوەکانی دەزگا ئەمنییەکاندایە».

ئەم ئەندامەی بنەماڵەی یاسر مەنگوڕی سەبارەت بە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بە درێژایی ئەم ماوەیە دەڵێت: «بە درێژایی ئەم ماوەیە بە دەیان جار دەزگا ئەمنی و یاساییەکانی پیرانشار و ورمێمان بەسەر کردەوە، لە حەفتەکانی یەکەمدا بە گشتی نکۆڵییان دەکرد لەوەی دەستبەسەریان کردبێ یان هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی هەبێ. دواتر پێیان وتین ڕەنگە چووبێتە کوردستانی ئێراق. لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە ئەگەری کوژرانی لای ئێمە بەهێزتر ببوو هەتا ئەوەی کە ڕۆژی یەکشەممە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە پێوەندییان لەگەڵ گرتین و وتیان یاسر لە بەرواری ٢٧ی پووشپەڕ لە کاتی دەستبەسەرکردندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە».

ئیدارەی ئیتلاعات هەروەها بە بنەماڵەی ناوبراوی وتووە کە تەرمەکەیان ڕادەست ناکرێتەوە و بۆیشیان نییە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی لە مزگەوت یان هەر شوێنێکی گشتیی تردا بەڕێوە ببەن. سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانان لە ماڵەکەی خۆیان و لە ژێر کەشێکی قورسی ئەمنیدا ڕێورەسمی پرسە و سەرەخۆشییان بەڕێوە برد.

یاسر مەنگوڕی ٤٠ ساڵان، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ بوو.

فاتمە کەریمی، بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە کوژرانی یاسر مەنگوڕی دەڵێت: «بە داخەوە کوژرانی هاووڵاتییان بە دەستی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردن یان لە دەستبەسەرگەکاندا پێستریش ڕووی داوە. دەتوانین ئاماژە بە چەندەها نموونەی هاوشێوە بکەین کە بەدواداجوونە یاساییەکانی بنەماڵە و پارێزەرانیش هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتۆتەوە و تەنانەت هەڕەشە لە بنەماڵەکان کراوە کە دەبێ بێدەنگ بن. لەم حاڵەتەی یاسر مەنگوڕییشدا دەزگا ئەمنی و یاساییەکان دوای ئەوەی چەند مانگێک بەردەوام وتوویانە هیچ زانیارییەکمان لەسەری نییە و خۆیان لە وەڵامدانەوەی بنەماڵەکەی دزیوەتەوە، ئێستە و پاش تێپەڕینی نزیک بە دوو مانگ بەبێ ئەوەی تەرمەکەی ڕادەست بکەنەوە و ڕاپۆرتی پزیشکیی داد بە بنەماڵەکەی بدەنەوە، دەڵێن لە کاتی دەستبەسەرکردندا و بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە».

بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم قەتڵ و کوشتنە و هەموو حاڵەتە هاوشێوەکانی کوشتنی هاووڵاتییان بە دەستی دامودەزگا جۆراوجۆرە ئەمنی و سەربازییەکان، داوای وەڵامدانەوەی لە بەرپرسانی پێوەندیدار کرد و وتی: «بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە، هۆکاری گیانلەدەستدانی هێشتا لێڵ و ناڕوونە. سەرچاوە دادوەری و یاساییەکان دەبێ لە شوێنکات و هۆکاری کوژرانی یاسر مەنگوڕی بکۆڵنەوە. پێویستە ئەو کەس یان کەسانەی دەستیان لە کوشتنیدا هەبووە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، هەروەها تەرمەکەی بدرێتەوە بە بنەماڵەکەی و دامودەزگا ئەمنییەکان واز لە هەڕەشەکردنی بنەماڵەکەی بهێنن».

ئەگەرچی فاتمە کەریمی بەپێی نموونە هاوشێوەکانی پێشوو گەشبین نییە بەوەی لە پێکهاتی سیاسی و دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئیمکانی دەستەبەرکردنی ئەنجامگیرییەک بۆ بەدواداچوونەکان لە ئارادا بێت، بەڵام هیوادارە بەوەی کە لە ڕێگای گەیاندنی ڕاپۆرتی ئەم کەشتنە دەوڵەتییەوە بە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، کۆماری ئیسلامی ناچار بە وەڵامدانەوە بکرێت. بە وتەی کەریمی، دەکرێ لە ڕێگەی کۆمیتەی بزرکراوانی زۆرەملێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی یاسر مەنگوڕی بکرێت.