تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەندێ بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو لە شەرێکی نێوان هێزەکانی ئەم پارتە و هێزەکانی سپای پاسداراندا لە نزیک شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە.

چاسەرچاوەیەکی باوەرپێکراوی دیکە لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا پشتڕاستی کردەوە کە ئیدریس فەقیهییش لەو دەستبەسەرگەیەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندایە کە بە ناوی «حەفتی تیر» ناسراوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زمانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی تێکهەڵچوونەکەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «چەند هاووڵاتییەکی ناوچەکە پشتڕاستیان کردۆتەوە کە شایەتحاڵی دەستبەسەرکردنی ئیدریس فەقیهی بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران بوون.» بە وتەی ئەم هاووڵاتییانە ئیدریس فەقیهی لە کاتی دەستبەسەرکردندا بریندار بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، دوای ڕوودانی شەڕەکە لە نێوان ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسداراندا ئیدریس فەقیهی توانیویەتی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە حاڵێکدا کە بریندار بووە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە دەستبەسەر کراوە. هێزەکانی سپا سەرەتا بردوویانەتە نەخۆشخانەی عارفیانی سپا لە ورمێ و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

ئیدریس فەقیهی لەو کاتەوە تا ئێستا سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەیی کە بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دەرماننەکردنی برینەکانی بەرکەوتنی گوللەوە ڕووی داوە، خراوەتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە تاکوو بە زۆر دانپیانانی لێ وەر بگرن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەکەی کە دانیشتووی شاری سنەن لەم دوو مانگەدا چەندین جار سەردانی دەزگا ئەمنی و یاساییەکانی بۆکان و ورمێیان کردووە و داوای دیاریکردنی چارەنووسی منداڵەکەییان کردووە، بەڵام تا ئێستا دەستبەسەربوون یا کوژرانی ئەم ئەندامەی پەژاکیان بە فەرمی بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیاندووە.

لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسدارانەوە و بۆ ماوەی چەند دەقەیەک تێکهەڵچوونێکی قورس لە نێوان هێزەکانی هەردوو لایەندا ڕووی دا. لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا هەواڵنێریی لە زمانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژدا کوژرانی دوو ئەندامی خۆی بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی خەڵکی سنە و موحسێن قادری خەڵکی بۆکانی لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک بۆکان پشتڕاست کردبۆوە.