ڕۆژی ڕابردوو ١١ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی گوندی «نێ»ی مەریوان بە ناوەکانی عەبدوڕەحمان ئەشتەک و عەبدوڕەحمان ئەفشار دوای سێ حەفتە دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کران. ئەم دوو هاووڵاتییە لەگەڵ لانیکەم ٣٠ هاووڵاتی و چالاکی کوردی دیکەدا لە ڕەوتی شەپۆلی ئەم دواییانەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا لە شارەکانی بانە، سەقز، سنە و مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەبدوڕەحمان ئەشتەک و عەبدوڕەحمان ئەفشار لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە. تۆمەتی «هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد» ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییانە کراوەتەوە.

هەروەها هاووڵاتییان و چالاکانی دەستبەسەرکراو لە شاری بانە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایان گەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە و سنەدان.

هەموو دەستبەسەرکراوان بە درێژایی ئەم ماوەیە مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە.

دەوترێت ئەم شەپۆلە نوێیەی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لەگەڵ گۆڕانکاری لە بەرپرسە ئەمنییەکانی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و هێشتایش هەر بەردەوامە. لە دوای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانەوە کەشوهەوای ترساندن و تۆقاندن بەسەر گوندەکانی «چۆمان»، «نەمشیر»، «نەجنە» و «کۆپێچ»ی بانەدا زاڵ بووە و هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان لە ترسی ڕەشبگیریی هێزە ئەمنییەکان بە ناچار ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

ئاماری دەستبەسەرکراوان

سەلاح پزیشکی، ڕەفیق پزیشکی، مەناف پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، حاجی ئەبووبەکر پزیشکی، لوقمان پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، سەعید ڕەشیدی، جەمال مروەتی، عوسمان محەممەدپوور، سەعید قادری، کوردۆ حسەینپوور، عەلی چۆمانی و زاگروس ڕەشیدی لە گوندەکانی «چۆمان»، «نەمشیر»، «نەجنە» و «کۆپێچ»ی شاری بانە،

محەممەد مەهجوور، عەبدوڵڵا مەهجوور و ئەیووب مینایی لە گوندەکانی «ملقەڕنی» و «پیرعومران»ی شاری سەقز.

کەیوان مینوویی، فەرید درەخشانی، ئیدریس بەهرامیان، محەممەد ئەحمەدی، عەبدوڕەحمان ئەفشار و عەبدوڕەحمان ئەشتەک لە گوندی «نێ»ی مەریوان

ئارام مورادیان لە شاری سنە.
زانیار مینبەری، میلاد مینبەری، ئارەش مینبەری و سەیوان مینبەری لە گوندی «نیەر»ی شاری سنە.