سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی بنەماڵەی زیندانیی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان و دایکیان، گوزەل (گورچە) حاجیزادە، دەستبەسەر کردووە. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ و چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.
یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی زەینەب جەلالیان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە کە تێیدا داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەوڵ بدەن بۆ ئازادکردنی منداڵەکەی. دوابەدوای پارڤەبوونی بەربڵاوی ئەم گرتەڤیدیۆیە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە و دایکیان، گوزەل حاجیزادە کە زیاتر لە ٧٠ ساڵی تەمەنە، دەستبەسەر کردووە و دوای گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ و چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن، ئازادیان کردووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دایکی زەینەب جەلالیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە لەسەر ڤیدیۆکە و کەسانێک کە ڤیدیۆکەیان گرتووە، خراوەتە ژێر لێپرسینەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە بە هیچ شێوەیەک مافی وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بارودۆخی زەینەبی نییە.
ئەم ئەندامەی بنەماڵەی زەینەب جەلالیان لە درێژەدا وتی سەرەڕای ئەوەی کە ناوبراو دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە، بەڵام ماڵەکەیان هێشتا هەر لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندایە.
هێزە ئەمنییەکان پێشتریش عەلی جەلالیانی باوکی زەینەبیان لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی بارودۆخی کچەکەی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەر کردبوو و خستبوویانە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە و تەلەفۆنەکەیشی بۆ ماوەی چەند مانگ داخرابوو.
زەینەب جەلالیان لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٤ جار دوور خراوەتەوە بۆ زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران و لە ڕێکەوتی ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٩وە و دوای دوورخستنەوەی نایاسایی بۆ زیندانی یەزد، بەردەوام لەژێر گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندا بووە و هەموو ئەو مافانەی لێ زەوت کراوە کە مافی ئاسایی هەر زیندانییەکە. ناوبراو هەرتەنها جارناجارێک دەتوانێ بە تەلەفۆن و ئەویش بە زمانی فارسی و زۆر کورت لەگەڵ باوک و دایکیدا قسە بکات و مافی دیدارکردنیشی نییە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لەم ١٤ ساڵ بەندبوونە و لە دۆخی سەختی زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا، تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە و بە هۆی بێبەشبوونەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە دۆخێکی نەگونجاوی تەندروستی و جەستەییدایە.
زهینهب جهلالیان له ساڵی ١٣٦١ی ههتاوی له گۆندی «دێم قشڵاق»ی سهر به شاری ماكۆ له پارێزگای ئازهربایجانی ڕۆژئاوا له دایك بووه. ناوبراو له سهرماوهزی ساڵی ١٣٨٦ی ههتاویدا له كرماشان دهستبهسهر كرا و دوای چهندین مانگ ڕاگرتن له ژووری تاكهكهسیی ئیدارهی ئیتڵاعاتی ئهم شاره و كهوتنه ژێر ئازار و ئهشكهنجهی جەستەیی و ڕۆحیی فراوان، له لایهن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەو شارەوە به تۆمهتی «ههوڵدان دژی ئاسایشی نهتهوهیی» و «موحارەبە» لە ڕێگەی ئهندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستاندا (پەژاک)، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئهم سزایه دوای پهسهندکردنی له دادگای پیاچوونهوەدا لە ساڵی ١٣٩٠ی ههتاوی، پلەیەک كهم كرایهوه و بوو بە زیندانی ههتاههتایی و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. ناوبراو به درێژایی ئهم ساڵانه له بهندیخانەدا تووشی نهخۆشیی جۆراوجۆری وهك كزیی چاو، ناخونەكی چاو، بەفرەکی دەم و ئاسم بووه.
کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.