زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کوردی سزادراو بە بەندکرانی هەتاهەتایی کە لە زیندانی ناوەندیی یەزددا حەڤدەیەم ساڵی بەندکران تێدەپەڕێنێت، بە دەستووری وەزارەتی ئیتلاعات لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە چوار ساڵ لەمەوپێشەوە و دوابەدوای گوازرانەوە بۆ زیندانی یەزد، تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دیدار بکات.

هەروەها حەفتەی ڕابردوو و پاش بەردەوامبوونی ئازاری قورسی پاڵووی لای ڕاستی، بە مەبەستی سی‌تی سکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فەڕوخیی یەزد کراوە و سەرەڕای ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی زەینەب، هێزەکانی زیندان ناچاریان کردووە بە کەلەبچە و پێبەندەوە تاقیکارییەکە ئەنجام بدات.

بەپێی ئەو زایانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرەتای حەفتەی ڕابردوو و دوابەدوای داواکاریی زەینەب جەلالیان بۆ دیداری بنەماڵەکەی، بەرپرسانی زیندان ئاگاداریان کردووەتەوە کە بە دەستووری وەزارەتی ئیتلاعات دیداری بنەماڵەی لێ قەدەغە کراوە. ژمارەیەک لە خزمان و نزیکانی ئەم زیندانییە سیاسییە کە بۆ دیدارکردن لە ماکۆوە بەرەو یەزد بەڕێ کەوتبوون، دوای ئاگاداربوونەوە لە قەدەغەکردنی دیدارەکانی زەینەب، لە نزیک شاری ئێسفەهان بە ناچار بەرەو ماکۆ گەڕانەوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دوای چەندین مانگ گیرۆدەبوون بە ئازاری قورسی پاڵووی لای ڕاستیەوە، ئەم زیندانییە سیاسییە بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فەڕوخیی یەزد کراوە و سەرەڕای ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی زەینەب، هێزەکانی زیندان ناچاریان کردووە بە کەلەبچە و پێبەندەوە تاقیکاریی سی‌تی سکان ئەنجام بدات.

زەینەب جەلالیان لە جۆزەردانی ئەمساڵەوە (ژوەنی ٢٠٢٤) ئازارێکی قورسی لە لای پاڵووی ڕاستیەوە لەگەڵە و لەم ماوەیەدا بەرپرسانی زیندان بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگرییان کردووە لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە. ئەم ژنەزیندانییە هاوکات لە ماوەی دوورودرێژی دەستبەسەربوون و بەندکراندا تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری دیکەی وەک بەفرەکی دەم، ناخونەکی چاو، لاوازبوونی بینایی، چڵککردنی ددان، نەخۆشیی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس و ئاسمیش بووە.

لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٤) تیمێک لە لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دوو جار لە نووسینگەی بەشی پاراستنی زیندانی ناوەندیی یەزددا دیداریان لەگەڵ کردووە و داوای واژۆکردنی «تۆبەنامە»یەکیان لێ کردووە کە دەقەکەی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئامادە کرابوو. هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر تۆبەنامەکە واژۆ بکات بە زووترین کات لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەرمان و تەنانەت ئازادیی مەرجداری دەکرێت.

زەینەب جەلالیان وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆبەنامەکە ڕایگەیاندووە کە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی مافی یاسایی هەموو زیندانییەکە.

پێشتریش لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) ئەم زیندانییە سیاسییە بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە لایەن تیمێکی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرابوو کە تا کاتێک پەشیمانی دەرنەبڕێت لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی زیندانیان، لەوانە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، بێبەش دەکرێت. بەڵام زەینەب سەرجەم داواکارییەکانی ئەو تیمەی بۆ دەربڕینی پەشیمانی ڕەت کردبۆوە و وتبووی کە لێپرسینەوە بە کەلەبجە و پێبەندەوە جۆرێک لە ئەشکەنجەیە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٣) له‌ گۆندی سنووریی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له‌ دایك بوو‌. زەینەب ساڵی ١٣٧٨ (١٩٩٩) لەگەڵ خوشکێکیدا چوونە هەرێمی کوردستان و سەرەتا بوو بە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) و ساڵی ١٣٨٢ (٢٠٠٣) دوای دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوو بە ئەندامی بەشی ژنانی ئەم حیزبە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان لە ساڵانی ١٣٨٤ و ١٣٨٥دا (٢٠٠٥ و ٢٠٠٦) بە مەبەستی کاری ڕێکخستن بە نهێنی گەڕایەوە بۆ ناوخۆ و لە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشاندا دەستی بە کار کرد. ڕۆژی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) له ناو پاسێکدا لە‌ کامێرانەوە بۆ كرماشان دەچوو کە لە دەروازەی ئەم شارەدا (قازانچی) لە بەرچاوی دەیان سەرنشینی پاسەکەدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. زەینەب لە مانگە سەرەتاییەکانی دوای دەستبەسەرکردن و تەنانەت لە قۆناغی بەندکران و زیندانیشدا چەندەها جار خراوەتە بەر سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە نۆ مانگ دوای دەستبەسەرکران لە دادگایەکدا کە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٧ (٣ی دیسامبەری ٢٠٠٨) بەبێ پارێزەر لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەلی مورادی» بەڕێوە چوو، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای «چالاکیی چەکدارانەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەندامبوون لە پژاکدا، گواستنەوە و هەڵگرتنی چەکوچۆڵی سەربازی و بانگەشەکردن بۆ گرووپە دژبەرەکانی حکومەت» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

دەرکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدا بوو کە هەر بەپێی دادنامەکەی خودی ئەو دادگایەیش، زەینەب لە کاتی دەستبەسەرکراندا چەکی پێ نەبووە و هیچ جۆرە کەرەستەیەکی سەربازیشی لێ نەدۆزراوەتەوە. دیسان هەر بەپێی ناوەرۆکی ئەو دادنامەیە، فەرمانبەرانی وەزارەتی ئیتلاعاتیش نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەک پێشکەشی دادگا بکەن کە بەشداریکردنی زەینەب لە چالاکییەکی چەکداریدا بسەلمێنێت. بەڵام دادوەری دادگاکە بە وەرگرتنی گریمانەی ئەگەری بەشداربوونی لە چالاکیی چەکداریدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو.

بە وتەی پارێزەرەکانی، زەینەب جەلالیان لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەدا بەشداریکردن لە هەرجۆرە چالاکییەکی چەکداریی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە سەرجەم چالاکییەکانی سیاسی و بەپێی گەڵاڵەکانی بەشی ژنان و ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە.

لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٠ (ئۆکتۆبەری ٢٠١١) و هاوکات لەگەڵ سەفەری عەلی خامنەییی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا بۆ کرماشان، لەسەر پێشنیاری کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەریی ئەم پارێزگایە، زەینەب کەوتە بەر «لێخۆشبوونی ڕێبەر» و سزاکەی بە پلەیەک دابەزاندن لە لەسێدارەدانەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ئەمیرسالار داوودی، پارێزەری زەینەب جەلالیان، پێشتر لە وتووێژێکدا وێڕای جەختکردن لەسەر ئەوەی کە نە زەینەب و نە پارێزەرەکانی داوای ئەو لێخۆشبوونەیان نەکردبوو و ڕاستەوخۆ خودی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی پارێزگای کرماشان داوای کردبوو، ڕەوتی هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی بەم جۆرە ڕوون کردبۆوە: «هۆکاری پێشنیارەکەی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی پارێزگای کرماشان بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگا ڕاپۆرتی یەکەمی خۆیان کە تێیدا وتبوویان زەینەب چەکدار بووە و چەکیشی بەکار هێناوە، وەرگرتەوە و ڕایانگەیاند کە لەوەدا هەڵەیان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە دۆسیەکەدا هەیە و ژمارەی نامەکەیش لە بەردەستدایە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ڕاپۆرتەکەی ئیدارەی ئیتلاعات کە پێشتر کرابووە بنەمای دەرکردنی سزا بۆ زەینەب، ئەم جارە تەنها کرایە بنەمای لێخۆشبوون لە سزای لەسێدارەدان؟ لە ڕاستیدا بەپێی ئەم ڕاپۆرتە داواکاری گشتی دەیتوانی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە بکات».

ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها ڕایگەیاندبوو کە بەپێی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی کە ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) پەسەند کرا و بەپێی ڕێسای «جێبەجێکردنی یاسای نوێ یان زیادکراو لەسەر حاڵەتە پێشووەکان لە ئەگەری گونجاوتربوونیدا بۆ تۆمەتبار»، سزای زەینەب جەلالیان ناتوانێت لە ١٥ ساڵ زیاتر بێت و هەر بۆیە مانەوەی پارێزوانەکەی لە زینداندا پێچەوانەی یاسایە: «یاسای سزادانی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٢دا بۆ تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا یان ئەندامبوون لە گرووپە چەکدارەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. لە ڕاستیدا یاسای موحارەبە کە زەینەب بەپێی ئەو یاسایە سزا دراوە، بۆ تۆمەتە سیاسییەکان لاچووە و لەباتیی ئەوە تۆمەتی «بەغی» دانراوە. بەپێی ئەم یاسایە، ئەگەر ئەندامی گرووپێکی چەکدار پێش بەدەستهێنانی دەرفەتی بەکارهێنانی چەک دەستبەسەر بکرێت، ئەگەر سەرکردایەتیی گرووپەکە هێشتا مابێت سزای ١٠ تا ١٥ ساڵ بەندکرانی بۆ دەرئەچێت. ئەم یاسایە نەتەنها زەینەب بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی تریش دەگرێتەوە و ئەگەر جێبەجێیان کردبا، سزاکەی زەینەب دەگۆڕدرا بۆ بەندکرانی پلە سێ و دەبوو تا ئێستا ئازاد بکرایەت».

ئەم پارێزەرە هەروەها وتبووی کە دوابەدوای پەسەندکردنی ئەم یاسا نوێیە، هەم داواکاری گشتیی ئێران و هەم داواکاری نووسەری سزانامە دەیانتوانی داوای پیاچوونەوە بە حوکمەکەدا بکەن. بەڵام دیوانی باڵا تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بە داواکاریی فەرمیی پارێزەرانی زەینەب بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەکە نەداوەتەوە.

زەینەب جەلالیان کە لە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێشەوە زیاتر لە ١٣٠٠ کیلۆمەتر لە شوێنی ژیانی بنەماڵەکەی دوور خراوەتەوە و لە زیندانی یەزددایە، لە ماوەی دوورودرێژی دەستبەسەربوون و بەندکراندا تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری وەک بەفرەکی دەم، ناخونەکی چاو، لاوازبوونی بینایی، چڵککردنی ددان، نەخۆشیی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، کۆرۆنا و ئاسم بووە. بەڵام سەرەڕای زەروورەتی ئەنجامدانی دەرمانی پزیشکی لە دەرەوەی زینداندا، بەرپرسانی زیندان بەپێی فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین ئەم زیندانییە سیاسییە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (ژوەنی ٢٠٢٣) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) دوای ئەوەی ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی یەزد جێژنێکیان بۆ ٤١ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەم زیندانییە سیاسییە گرتبوو، بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندانەکە هەموو ئەو ژنانەی بەکۆمەڵ بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردبوون کە لەبەر ئەو کارەیان دۆسیەی تازەیان بۆ دەکرێتەوە.

زەینەب لە ڕێکەوتی ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٠) بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دوور خرایەوە بۆ زیندانی یەزد. نزیکەی ٦ مانگ پێش دوورخستنەوەی بۆ ئەم زیندانە، سەرەتا لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠) بەشێوەی لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت یاخود خستنەبەردەستی دەستوور و هۆکارێکی یاسایی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی خۆیەوە کە نزیکترین زیندان بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٢ مانگ و لە حاڵێکدا کە تووشی کۆڤیدی ١٩ (کۆرۆنا) ببوو و بە مەبەستی قبووڵکردنی داواکاریی گەڕاندنەوەی بۆ زیندانی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو، دیسانەوە هەروەک جاری پێشوو گواستیانەوە بۆ زیندانی کرمان و بۆ ماوەیەکیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدا ڕایان‌گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی کرمان برایە دەرەوە و دوای دوو ڕۆژ دەرکەوت کە ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی ئەوەی بە درێژایی ئەو ڕێگایە کەلەبچە و پێبەندی لێ درابوو و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ ناو ئۆتۆمبێل بەسەر عەرزدا ڕایان‌کێشابوو، مەچەکی دەست و قاچەکانی بە سەختی بریندار ببوون، هەر بۆیە بەرپرسانی زیندانی کرماشان سەرەتا لەبەر دۆخی ناجێگیری زەینەب لە ڕووی تەندروستییەوە، ئامادە نەبوون وەری‌بگرن.

زەینەب جەلالیان بۆ دووهەم جار لە زیندانی یەزد تووشی کۆڤید بوو و سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ خستبوویانە ژوورێکی گشتیی تایبەت بە کەسانی موعتادەوە کە شوێنێکی زۆر پیس بوو و خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکییشیان بۆ دابین نەکردبوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دوو جار تووشبوون بە کۆرۆنا و لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، لە قۆناغی پاش نەخۆشییەکەدا تووشی ئاسم و کێشەی سییەکانی بوو. ئەم نەخۆشییانە کە لە لایەن پزیشکی زیندانیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەگەڵ نەخۆشییەکانی پێشتریدا، لەوانە کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو، کزبوونی بینایی، ئیلتیهابی ددان و… کە لە ماوەی بەندکران و لە ئەنجامی ئەشکەنجەی قورس و دۆخی نالەباری زینداندا تووشی بووە، بوونەتە هۆی تێکچوون و لاوازیی جەستە و تەندروستیی زەینەب.

زەینەب جەلالیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی جێگۆڕکێی بەردەوامەوە لە نێوان زیندانە جیاوازەکاندا و دووربوونی مەودای نێوان یەزد و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە ماکۆ، هەروەها لەبەر سنووردانان و قەدەغەکارییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، نەیتوانیوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی یەزد چەند جارێک دیداریان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە هەواڵێک لەسەر بارودۆخی لە ڕێگای خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە میدیاکاندا دەبێتە هۆی توندترکردنەوەی گوشارەکان و دوورخستنەوەی دووبارەی بۆ زیندانێکی تر.

هێزە ئەمنییەکانی ماکۆ لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گوزەل حاجیزادەی دایکی زەینەب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بارودۆخی کچەکەی، هەم خۆی و هەم عەلی جەلالیانی باوکی زەینەب و هەم سێ براکەی بە ناوەکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسفیان دەستبەسەر کرد. ئەگەرچی ئەندامانی بنەماڵەی زەینەب دوای شەووڕۆژێک و بە هۆی لەسەرخۆچوونی دایکی زەینەبەوە ئازاد کران، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر هەرچەشنە بڵاوکردنەوەیەکی هەواڵ و وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب هەڕەشەی لێ کردوون. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لەو بنەماڵەیە کردبوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دژ بە چالاکییەکانی زەینەب و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان قسە بکەن کە ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان کردبۆوە.

کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٧) و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکرێت و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپێچینەوەی یاساییەوە.