ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) لە سنە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شەقامێکی سنە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ژنان لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە.

لەم مانگانەی دواییدا ئەمە دووهەم جارە کە ژینا مودەڕیس گورجی دەستبەسەر دەکرێت. ناوبراو لەم ڕۆژانەی دواییدا چەندین جار لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە شێوەی نووسراو یان بە تەلەفۆن بانگهێشت کرابوو.

ژینا مودەڕیس گورجی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا (٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) ئەم ڕۆژنامەوان و چالاکوانە ناسراوە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە تۆمەتی نوێی پێ ڕاگەیەنرا و دادوەری دۆسیەکە ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردەوە بۆ یەک میلیارد تمەن.

لەم دانیشتنەی دادگادا تۆمەتی ژینا مودەڕیس گورجی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامبوونەوە لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا ڕاگەیەنرابوو. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»ی ڕووبەڕوو کرابوویەوە.