کوژرانی کۆڵبەری لاو ئەرکان باڵواسە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە هەورامان
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/kulbar/2024/06/21/p34749
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوەن) کۆڵبەرێکی ٢٩ ساڵان بە ناوی ئەرکان باڵواسە لە ناوچەی سنووریی «تەتە»ی هەورامانی سەر بە سەوڵاوا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوەن) لە بەرزاییە سنوورییەکانی «تەتە»ی هەورامان دەستەیەک کۆڵبەر بەبێ ئەوەی هەڵگری هیچ جۆرە کاڵایەک بن، لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا ئەرکان باڵواسە گیانی لە دەست دا».
تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ ئەسپەردەکردن ڕەوانەی گوندی «جەڵێڵە»ی مەریوان کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە جۆزەردانی ئەمساڵدا سینا ڕەسوولزادە و هەژیر مەحموودپوور، دوو کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت و جوانڕۆ، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەردەشتدا کوژراون. ڕەحیم ئیبراهیمییش لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت دوای ڕاوەدوونران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە کەوتە ناو ڕووبارەوە و گیانی لە دەست دا.
هەروەها لانیکەم ٤ کۆڵبەر بە دەسڕێژ و دوو کۆڵبەریش بە لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستان بریندار بوون.

بابەتی پەیوەندیدار
-
کوژرانی کۆڵبەرێک بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە هەورامان
-
گیانبەختکردنی دوو کۆڵبەر و برینداربوونی چوار کۆڵبەر بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییە سنوورییەکانی هەورامان و سەردەشتەوە
-
کوژرانی کۆڵبەرێک و برینداربوونی دوو کۆڵبەری تر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە مەریوان و سەوڵاوا
-
کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ئۆتۆمبێلی کۆڵبەران
-
کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە هەورامان
-
میلاد تەبەد، کۆڵبەری لاوی خەڵکی مەریوان، دوای ساڵێک برینداربوون و ئازارکێشان گیانی بەخت کرد