فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی هەشتگردی کەرەج، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کەرەجەوە سزای ساڵێک بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کەرەج بە سەرۆکایتیی دادوەر «ئاسف حسەینی» بەڕێوە چووبوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی حوکمەکە، ئەم چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوو ساڵ دوورخستنەوە و ژیانی زۆرەملێ لە شاری دیواندەرە و قەدەغەکردنی ژیان لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپاوە.

فەرهاد شێخی ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٣) لە ماڵەکەی خۆی لە هەشتگردی کەرەج لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٤ ڕۆژ بە کەفالەتی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرج ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵانی ١٣٩٨ (١ی مەیی ٢٠١٩) لە گردبوونەوەی کرێکاراندا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە لە بەردەم پارلەمانی ئێران لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای ٣٣ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە زیندانی فەشافوویە ئازاد کرا. ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی هەمان ساڵیش (٤ی ئاگۆستی ٢٠١٩) لە لایەن لقی ١٠٥٨ی دادگای کەیفەریی ٢ی تارانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» سزای ٤ مانگ بەندکران و ٥ قامچیی بەسەردا سەپا کە بۆ ماوەی ٢ ساڵ خرایە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.