یووسف حاجی‌خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شنۆوە سزای سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە سیاسییە کوردەی خەڵکی شنۆ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەنساری بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە حەفتەی ڕابردوو بەم چالاکە سیاسییە ڕاگەیەنراوە.

ڕۆژی ١٢ی گوڵان (١ی مەی) هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «کۆنەقەڵا»ی شنۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی یووسف حاجی‌خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و ئەم چالاکە کوردەیان بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرد.

ئەم چالاکە سیاسییە کوردە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ کرابوو و ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا.