لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سارۆ موستەئجیر، خالید مێهرئاسا، ئەمیر ئەرژەبگن و ستار ئەرژەنگی لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان و سەقز دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٦ی خەرمانان (٢٨ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سارۆ موستەئجیر، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. سارۆ موستەئجیر لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندی جاری دیکەیش لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوو.

هاوکات ٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوانیش بە ناوەکانی ستار ئەرژەنگی و ئەمیر ئەرژەنگی دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ئەم شەپۆلەدا، ڕۆژی شەممە ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «ڕوار»ی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان بە ناوی خالید مێهرئاسا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تەنها لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی زیاتریش بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان کراون.