ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی خەرمانان (٤ی سێپتامبر) سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی وەحید چاوەران، محەممەدحسەین حاسڵی و ناسر ڕەزایی ڕۆژێک دوای دەسپێکردنی مانگرتن لە خواردن لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلامدا، لێوەکانیان دوورییەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە کە لە رۆژی ڕابردوو ١٢ی خەرمانانەوە (٣ی سێپتامبر) لەگەڵ دوکتور بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری دەڕەشاری ئیلام، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەریی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتووە، ئەمڕۆ و دوابەدوای پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلامەوە بە دوورینەوەی لێوەکانیان درێژەیان بە مانگرتنەکەیان داوە.

ناسر ڕەزایی خەڵکی شاری ئاودانانی ئیلامە کە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای دێلوڕان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەرداندا (٢٢ی مەی) بۆ ماوەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

محەممەدحسەین حاسڵی، خەڵکی شارۆچکەی سەراوباخی ئاودانان، ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

وەحید چاوەران، شاخەوانی خەڵکی شارۆچکەی سەراوباخی ئاودانانیش ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان و لەم حەفتانەی دواییدا ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام کراوە.

دوکتور بەختیار محەممەدزادەیش کە بەرپرسی یەک لە دەرمانخانەکانی دەڕەشاری ئیلامە و لە دووهەم ڕۆژی مانگرتندایە، ڕۆژی ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام دەستبەسەر کرا.