هەشت هاووڵاتی و چالاکی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی هێرۆ قەدیمی، سەمیرا ئەحمەدی، سەفا عائیلی، ئازاد ئەمینی، ئومید موقەدەسی، هیوا تاتایی، هیوا جەهانی و پووریا ئەحمەدی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە، زیندانی سەقز و زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەر) ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەمیرا ئەحمەدی، سەفا عائیلی، ئازاد ئەمینی، ئومید موقەدەسی، هیوا تاتایی و هیوا جەهانی بە بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە و زیندانی سەقز ئازاد کراون.

هاوکات پووریا ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، هەمان ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە٢٦ی ڕەزبەریش (١٨ی ئۆکتۆبەر) هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز، دوای ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراوە.

پووریا ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ (٢ی ئاگۆست) لە دەروازەی چوونەژوورەوەی سنەدا لەگەڵ سەحەر ئەحمەدیی هاوژینی و منداڵە کەمتەمەنەکەیدا، بەرزین ئەحمەدی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. بەرزین ئەحمەدی ڕۆژی دواتر و سەحەر ئەحمەدییش دوای چەند ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام پووریا ئەحمەدی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، هیوا تاتایی، ئومید موقەدەسی، هێرۆ قەدیمی، سەمیرا ئەحمەدی، ئازاد ئەمینی، و هیوا جەهانی بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٤، ٢٠، ٢١ و ٢٤ی خەرماناندا (٥، ١١، ١٢ و ١٥ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.