ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) بەهمەن نادری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) بەهمەن نادری بانگهێشتی بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان کراوە و تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بانگەوازەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ئەم هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

بەهمەن نادری پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بانگەوازەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە مەبەستی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی جەماوەری لە ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، بەڕێوە چوو.