سەلیم زولقەڕنەین و سابیر زولقەڕنەین، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «حەسەن نووران»ی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازراونەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٣ی جولای) هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «حەسەن نووران»ی شاری شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلیم زولقەڕنەین و سابیر زولقەڕنەین و ئەم هاووڵاتیانەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانەدا، لانیکەم ٣ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کەمال عوقابی، ئیدریس کارساز و محەممەد ڕەسوولپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (جۆزەردانی ١٤٠٣ / مەی و ژوەنی ٢٠٢٤) لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی، هونەرمەند، وەرزشوان و چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران و خوراسانی ڕەزەویدا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەسەر چارەنووسی هەندێکیان تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.