تاریق نەزەری، کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دەستەیەک کۆڵبەر بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی تاریق نەزەری گیانی بەخت کرد.

تاریق نەزەری باوکی ٣ منداڵ، خەڵکی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی جوانڕۆ بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە براوەتە پزیشکیی دادی پاوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.