دوابەدوای دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ٨ چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵانی کرماشان، ٦ کەسیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام بڕیاری دەستبەسەربوونی موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار و لوتفوڵڵا پەرویز درێژ کراوەتەوە و ئەم دوو جالاکە مەدەنییە کوردە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئەم شارە کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئارش ئولفەتی، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان و موستەفا ڕوستەمی لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی خەرماناندا (٢٦ و ٢٧ی ئاگۆست) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. هەروەها سەلمان پەرهان، چالاکی مەدەنیی خاوەن پێداویستیی تایبەت، سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکران بە هۆی دۆخی تەندروستی و نەبوونی توانای مانەوە لە زینداندا، لە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژدا (١٦ی ئاگۆست) ئازاد کراوە.

دوای ئازادکردنی ئەم کەسانە، بنەماڵەکانی موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار و لوتفوڵڵا پەرویز لە لقی ١٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای کرماشان بە سەرۆکایەتیی ئارش بەهمەنی و دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ چارەنووسی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە کردووە و ئاگادار کراونەتەوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەوان بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» درێژ کراوەتەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی خەرماناندا (٢٩ی ئاگۆست) لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە کە لە سەربازگەی نەبیی ئەکرەمی کرماشاندایە، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئەم شارە لە شەقامی شیرین کراون. درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەم هاووڵاتیانە و گواستنەوەیان بۆ دەستبەسەرگەیەکی تر، بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری ئەشکەنجەدانیان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ بۆ سەلماندنی تۆمەتە هەڵبەستراوەکان.

موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار، ٣٨ ساڵان و عەقید (سەرهەنگ)ی دووەمی هێزی دەریایی ئەرتەش، ڕۆژی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٩ی جولای) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرا و چەند کاتژمێرێک دواتر لە ڕێی تەلەفۆنەوە هاوسەرەکەی ئاگادار کردەوە کە گوازراوەتەوە بۆ کرماشان. ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی گەورەی نەورۆزی ئەمساڵی گیەڵاندا بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکان کرابوو و کەوتبووە بەر هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانەوە.

لوتفوڵڵا پەرویز، ٤٨ ساڵان و مامۆستای پەروەردە و فێرکاری، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٣ی ئاگۆست) لەگەڵ ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و موستەفا ڕوستەمیدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە گیەڵان دەستبەسەر کرا. ئارش ئولفەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی هەمەدانیش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژدا (١٥ی ئاگۆست) لە هەمەدان دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانە، وتی: «هەرهەموو ئەم کەسانە لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی شاری گیەڵانن کە لە بوارە جیاوازە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزییەکاندا چالاکن. هەندێکیان، لەوانە موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار و لوتفوڵڵا پەرویز، گرووپی تێلێگرامیی «خرداندیشان مطالبەگر زاگرس» و کەمپەینی «ڕزگارکردنی زاگرۆس»یان بەڕێوە دەبرد. ئەم کەسانە هەروەها لە داواکارانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵی گیەڵان بوون کە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیان بۆ پێدانی مۆڵەتی فەرمیی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمە لە لایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە، ڕێوڕەسمی نەورۆز لەسەر بانگەوازی خەڵک و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەدا (٢١ی مارس) بەڕێوە چوو».

بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەدا (٢١ی مارس) کە لە لایەن خەڵکی گیەڵان و شارەکانی دەوروبەرەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا، شەپۆلێکی نوێی بانگهێشت، هەڕەشە و گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی ئەم شارەی لێ کەوتەوە. بە شێوەیەک کە کاربەدەستە دەوڵەتییەکانی گیەڵان تەنانەت هەڕەشەیان کرد کە بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمە لێکەوتەی جیدیی لێ دەکەوێتەوە و بەڕێوەبەرانی ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە ڕاستیدا دەستبەسەرکردنی ئەم دواییانەی چالاکانی مەدەنیی گیەڵان جێبەجێکردنی هەمان ئەو هەڕەشانەی کاربەدەستە دەوڵەتییەکانە: «جیا لەمەیش، چالاکییەکانی ئەم هاووڵاتیانە لە گرووپی تێلێگرامیی «خرداندیشان مطالبەگر زاگرس»دا بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی مافی هاووڵاتیبووندا بووە و پێکهێنانی کەمپەینی «ڕزگارکردنی زاگرۆس»یش بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموان بووە لە مەترسیی تێکچوونی ژینگەی زاگرۆس و بەرپرسایەتیی دەوڵەت لەم بابەتە گرنگەدا کە تا ئێستا نزیکەی ٣٠ هەزار کەس کەمپەینەکەیان واژۆ کردووە. ئەم کەمپەینە لەم مانگانەی دواییدا سەرنجێکی جەماوەریی بەرچاوی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو و وا دیارە هەر ئەمەیش بووەتە هۆی هەستیاریی هەرچی زیاتری کاربەدەستە دەوڵەتییەکان لە بەرانبەر چالاکانی مەدەنیی گیەڵاندا».

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وێڕای ئاماژەدان بە قسەکانی حەمیدڕەزا ئەکرەمیی داواکاری گشتی و شۆڕشی کرماشان کە دوای دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی گیەڵان بە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی وتبوو کە بەڕێوەبەرانی ٢ کاناڵی تێلێگرامی و ئینستاگرامی کە بابەتی «بێڕێزانە و دووبەرەکینانەوە»یان بڵاو دەکردەوە لە یەکێک لە شارەکانی ڕۆژئاوای پارێزگادا دەستبەسەر کراون، ئەم بانگەشانەی بە درێژەی سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان لە قەڵەم دا و زیادی کرد: «لە نزیکەی ٦ مانگ لەمەوپێشەوە لاپەڕەیەک لە ئینستاگرامدا بە ناوی «فیت و فات» دەستی بە کار کرد و لەم مانگانەی دواییدا بە ئەدەبیاتێکی نەشیاو هەندێ بابەتی دژ بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەتی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا بڵاو دەکردەوە. لە کاتێکدا کە بەڕێوەبەرانی ئەم لاپەڕەیە نەناسراو و نادیارن، دامودەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی پارێزگای کرماشان هەوڵ دەدەن دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی گیەڵان وەک بەڕێوەبەری ئەو لاپەڕەیە لە قەڵەم بدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لاپەڕەکە دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتیانەیش درێژەی بە کارەکانی داوە».

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە گواستنەوەی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهی و ئەگەری ئەشکەنجەدانیان، وتی: «هاووڵاتیانی گیەڵان بەتەواوی ئاگادری چالاکیی ئاشکرای ئەم کەسانە لە گرووپە تێلێگرامییەکان و کەمپەینەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراو و فەرمییەکاندا هەن، هەر بۆیە هەڵبەستنی تۆمەتی بەڕێوەبردنی لاپەڕەیەکی ئینستاگرامیی نەناسراو نەتەنها بۆ ڕای گشتی قبووڵنەکراوە بەڵکوو دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵیان و گوشارەکانی ناو دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و لە هەمان کاتدا نەبوونی بەڵگە و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان لە لایەن ئەم چالاکە مەدەنیانەوە، نیشاندەری بێئەنجامبوونی ئەو سیناریۆسازییە ئەمنیانەیە».

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کرماشان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا دەستبەسەرکردنی چالاکانی خەڵکی گیەڵانیان شەرمەزار کردبوو و داوایان کردبوو ئەو هاووڵاتیانە دەسبەجێ ئازاد بکرێن. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا نووسراوە: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی گیەڵان دەستبەسەر کراون؛ کەسانێک کە لە داخوازیکاران و ئەندامانی بەرپرسیار و پێشڕەوی کەمپەینی «ڕزگارکردنی زاگرۆس» بوون. سەرەڕای تێپەڕینی چەندین ڕۆژ بەسەر ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، بنەماڵە و نزیکانی ئەم ئازیزانە تا ئێستایش هیچ هەواڵێکیان لە بارودۆخی جەستەیی و چارەنووسیان پێ نەگەیشتووە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان لای ناوەندە ئەمنییەکان تا ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە. ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە ڕادەگەیەنین کە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوورودرێژی دۆسیەسازی و سیناریۆسازییە درۆیینە ئەمنییەکان دژ بە چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بە توندی لە بەرانبەر هەرچەشنە دۆسیەسازییەک و دروستکردنی دووبەرەکی لە ناوچەکەدا هۆشداری دەدەین».