مانۆڕی سەربازیی «موحەڕەم»ی قەرارگای شەهرامفەر و سوپای بەیتولموقەدەس لە پێنجەم ڕۆژدا لە ناوچەی ژینگەپارێزراوی کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان بەردەوامە و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تۆپبارانی ئەم ناوچەیە دەستی پێ کردووەتەوە. هاوکات بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، درۆنەکانی سوپای پاسداران لە نزیک شاری کامێران بەسەر کوێستانی شاهۆدا دەسووڕێنەوە.

چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کۆساڵان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند کە سوپای پاسداران هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی کوێستانی کۆساڵاندا خەریکی دروستکردنی جادەیەکی تازەیە لەم شاخەدا: «سوپا بە مەبەستی گواستنەوەی هێز و چەکوچۆڵی قورسی سەربازی و بە چەندین شۆفڵ و لۆدرەوە خەریکی دروستکردنی جادەیەکی تازەیە بۆ شوێنی مانۆڕە سەربازییەکە. ئەمەش بەشێکی گەورەی سروشتی چڕ و پارێزرای ئەم کوێستانەی لە ناو بردووە».

بە وتەی ئەم کەسانە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسداران بە بیانووی بەڕێوەچوونی ئەم مانۆڕەوە ڕێگریی کردووە لە هاتوچۆی ئاژەڵداران و هەنگداران بۆ ناوچەکە.

چالاکێکی ژینگەپارێزی سەوڵاوا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست بەڕێوەچوونی ئەم مانۆڕە لە کوێستانی کۆساڵاندا، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سوپای پاسداران لەژێر ناوی مانۆڕی سەربازیدا دەیهەوێت دووهەم بنکەی سەربازیی خۆی لە کوێستانی پارێزراوی کۆساڵان بکاتەوە».

بە وتەی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە، چەند ساڵ لەمەوپێشیش سوپای پاسداران لە ڕێی مانۆڕێکی سەربازییەوە بەشێکی بەربڵاوی کوێستانی کۆساڵانی بە دروستکردنی جادە و بنکەی نوێ لە ناوچەکەدا تێک دابوو.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سوپای پاسداران کوێستانەکانی شاهۆ و کۆساڵان وەک ناوچەی ستراتیژیکی جوگرافیایی بۆ هاتوچۆ و جێگیربوونی هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە دژبەرەکانی کوردستان لە قەڵەم دەدات و دەیهەوێت لە ڕێگای دروستکردنی بنکەی سەربازییەوە لە هەموو بەرزاییەکانی ئەم کوێستانانەدا، ناوچەکە وەک ناوچەی سەربازی ڕابگەیەنێت و وردەوردە خەڵکەکەی لێ دەر بکات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم کوێستانانە دەیان گوندیان تێدایە و دانیشتوانی گوندەکان لە بەهارەوە تا ناوەڕاستی پاییز گوندەکانیان بەجێ دێڵن و دەچنە هەوارەکان و بژێوی ژیانیان لە ڕێی ئاژەڵداری و هەنگدارییەوە دابین دەکەن.

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.

لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگەیان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز، ڕووبەرێکی بەربڵاوی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئەنجامی دروستکردنی سەربازگە و ڕاکێشانی جادەدا بۆ ناوەندە سەربازییەکان تێک دراوە. هەروەها ئەم هێزانە بە ئەنقەست ئاگریان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی دەوروبەری سەربازگەکان بەر داوە، ئەوەیش لەژێر ناوی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دار و دەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکوومەت».